
فێرخوازێکی بەشی ڕاگەیاندن زیانەکانی بەکارهێنانی ئایپاد لە قوتابخانەی بنەڕەتیی پەیمانی تێکەڵاو دەخاتەڕوو
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date تشرینی یەکەم 21, 2026
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکكەوتی 19/10/2026، فێرخوازێکی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان ـ هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولوود، سیمینارێکی زانستی و هۆشیاریی بەناونیشانی (زیانەکانی بەکارهێنانی ئایپاد) بۆ قوتابیانی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەی بنەڕەتیی پەیمانی تێکەڵاو لە شاری هەولێر پێشكەش كرد و، لەلایەن مامۆستا سار نەبی ئەحمەد، مامۆستای قوتابخانەی ناوبراو، بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
زیانەکانی بەکارهێنانی ئایپاد:
سیمینارەكە لەلایەن فێرخواز هێمن ئازاد سدیق لە قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن پێشكەش كرا. لە سەرەتادا تیشکی خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی درێژخایەنی ئایپاد و ئامێرە زیرەکەکان، بە تایبەتی لەسەر تەندرووستی و گەشەی منداڵان. لەو چوارچێوەیەدا، باس لە ماندووبوونی چاو و کێشەکانی بینین، کاریگەریی بەکارهێنانی شاشە لەسەر خەو، هەروەها ئازاری مل و پشت بەهۆی دانیشتن و شێوازی نادرووستی بەکارهێنانی ئامێرەکان کرا.
هەروەها، تیشکی خستە سەر کاریگەرییە دەروونی و ڕەفتارییەکانی بەکارهێنانی زۆری ئایپاد، لەوانە کەمبوونەوەی سەرنج، سەرقاڵبوونی زۆر بە شاشە و کەمبوونەوەی بەشداری لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگیی پاراستنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان و درووستکردنی هاوسەنگی لەنێوان بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانە بۆ قوتابیان ڕوون کرایەوە.
ڕێنمایی و ڕێگاچارەکان:
لە بەشی ڕێنماییەکاندا، فێرخواز هێمن ئازاد، چەند ڕێکارێکی کرداریی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی بەکارهێنانی ئایپاد خستەڕوو، لەوانە دیاریکردنی کاتی بەکارهێنان، پشوودانی بەردەوام و هاندانی منداڵان بۆ چالاکییە جەستەیی و هزرییەکان، وەک وەرزش، کتێبخوێندنەوە و یارییە فیکرییەکان. هەروەها، جەخت لەسەر گرنگیی ڕێنماییکردنی منداڵان بۆ بەکارهێنانی هاوسەنگ و بەرپرسانەی ئامێرە زیرەکەکان کرایەوە.
گفتوگۆ و کۆتاییهاتنی چالاکییەکە:
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لەنێوان پێشکەشکار و قوتابیانی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی ئەنجام درا. قوتابیان بە شێوەیەکی چالاک بەشدارییان کرد و پرسیار و بۆچوونەکانی خۆیان دەربارەی زیانەکانی بەکارهێنانی ئایپاد و ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئەو زیانانە خستەڕوو و وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.
لە کۆتاییدا،مامۆستا سار نەبی ئەحمەد بەناوی قوتابخانەی پەیمانی بنەڕەتیی تێكەڵاوەوە سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێمن ئازاد سدیق كرد بۆ پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە و هۆشیاركردنەوەی قوتابیان لە زیانەكانی بەكارهێنانی ئایپاد.
You may also like
لە شارى دهۆك، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن؛ نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە بەسەردەکەنەوە

