
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاکییەکی زانستی لەسەر ژیریی دەستکرد لە پەیمانگەی نیشتمانی تەکنیکیی ناحکومی بەڕێوەدەبەن
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date تشرینی یەکەم 21, 2026
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 20/10/2026، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولوود، چالاکییەکی زانستی و هۆشیاری لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان ـ هەولێر، لە پەیمانگەی نیشتمانی تەکنیکیی ناحکومی بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم ئەنجام درا. چالاکییەکە بریتیی بوو لە سیمینارێك بەناونیشانی (ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی قوتابیان). لە سەرەتای چالاکییەکەدا، مامۆستا کەیوان جەلیل عەلی، مامۆستا لە پەیمانگای ناوبراو، بە گەرمی پێشوازیی لە تیمی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن کرد.
ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی قوتابیان:
ناوەڕۆكی سیمینارەكە لەلایەن هەرسێ فێرخوازی قۆناغی دووەم (فەرەیدوون سالار، ڕەزوان موحەممەد، ڕامان خالد) پێشكەش كرا. لە بەشی یەکەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز فەرەیدوون سالار بابەتی ژیریی دەستکرد و ڕۆڵی لە ژیانی ڕۆژانەی قوتابیان خستەڕوو. لەو چوارچێوەیەدا، باسی لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری خوێندن، فێربوون و گەڕان بەدوای زانیارییدا كرد، هەروەها سوودەکانی لە ئاسانکردنی ئەرکەكان و پەرەپێدانی تواناکانی قوتابیان ڕوون کردەوە.
سوود و ئاستەنگەکانی ژیریی دەستکرد:
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، فێرخواز فەرەیدوون سالار تیشکی خستە سەر سوود و ئاستەنگەکانی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە ژینگەی خوێندندا. هەروەها، گرنگیی بەکارهێنانی بەرپرسانەی ئەم تەکنەلۆژیایە، پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و پشکنینی زانیارییە بەدەستهاتووەکان.
ڕێنمایی بۆ بەکارهێنانی بەرپرسانەی ژیریی دەستکرد:
لە بەشی ڕێنماییەکاندا، گرنگیی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد وەک ئامڕازێک بۆ یارمەتیدانی فێربوون، نەک جێگرەوەی بیرکردنەوە و توانای کەسی، خرایەڕوو. هەروەها، ئاماژە بە پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، ئاگاداربوون لە هەڵە و زانیاریی نادرووستەکان و ڕەچاوکردنی ئەخلاقیاتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا کرا.
گفتوگۆ و کۆتاییهاتنی چالاکییەکە:
لە كۆتایی چالاكییەكەدا، هەردوو فێرخوازی قۆناغی دووەم (ڕەزوان موحەممەد عەبدوڵا و ڕامان خالد قادر) بڕگەی گفتوگۆ و پرسیار و ڕاگۆڕینەوەیان بەڕێوەبرد، كە تێیدا بەشداربووان پرسیار و بۆچوونەکانی خۆیان دەربارەی ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر خوێندن و ژیانی ڕۆژانە خستەڕوو. چالاکییەکە بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی ئاگایانە و ئەخلاقی و بەرپرسانەی ژیریی دەستکرد لە بواری خوێندن کۆتایی پێهات.
لە کۆتاییدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەیمانگەی نیشتیمانی تەكنیكیی ناحكوومی، بڕوانامەی سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەرسێ فێرخوازی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن كرا.
You may also like
لە شارى دهۆك، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن؛ نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە بەسەردەکەنەوە

