لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکان؛ فێرخوازانی بەشی ژمێریاری ئاشنای ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی دامەزراندنی کۆمپانیاکان دەبن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٦)، بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکانی هەولێر ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی (دکتۆر ئیبراهیم حوسێن) ئەنجامدرا و، سەرەتا لەلایەن (دکتۆر پشتیوان مستەفا) بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی هەولێرەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، دکتۆر پشتیوان مستەفا بە وردی تیشکی خستە سەر ئەرک و پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان. هەروەها ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی دامەزراندنی جۆرە جیاوازەکانی کۆمپانیا (کۆمپانیای تضامن، خێزانی و پشکدار)ی بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە. لە تەوەرێکی دیکەدا، بە شێوەیەکی زانستی باسى لە پرۆسەی دەرکردنی پشکەکان، شێوازی ژمێریاری بۆ زیادکردنی سەرمایە و ڕێکارەکانی وردبینی لەسەر پشکەکان کرا. هاوکات بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان جەختی لەوە کردەوە کە هەر کۆمپانیایەک مۆڵەت و دروشمی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وەربگرێت، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پارێزبەندی یاسایی بۆ کارەکانی دەبێت.
لە کۆتاییدا، د. ئیبراهیم حوسێن سوپاسی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە و شیکردنەوەى کاروبارى بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بۆ فێرخوازان.







