لە دیبەیتێکی زانستیدا باس لە چۆنیەتى فێربوونى زمانی ئینگلیزی کرا
گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر هودا یاسین، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (02/10/2022) لە هۆڵى ئەکادیمیای جیهان دیبەیتێکیان ئەنجامدا.
لەو دیبەتەدا، کە تایبەت بوو بەچۆنیەتى فێربوونى زمانى ئینگلیزى بائاسانترین و باشترین ڕێگە، فێرخوازان زانکۆکان و سێنتەرەکانى زمانیان کردە چەقى گفتوگۆکانیان. بۆ ئەو مەبەستە هەندێک لە فێرخوازان باسیان لەوە کرد، کە شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە بۆ خولیا، پاشان زانکۆکان دەتوانن پەرە بەو خولیا بدەن و ڕێگەى گەیشتن بەئامانجەکان ئاسانتر دەکات، ئەوە لە کاتێکدا هەندێکی تریان ئاماژەیان بەخولەکانى سێنتەرەکانى زمان و دامەزراوە تایبەتەکان کرد، پاشان ڕۆڵى زانکۆکان، ئەوان پێیان وایە دامەزراوەکان بنەماکانى فێربوونى زمان بۆ فێرخواز دابین دەکەن لە کاتێکدا زانکۆکان رێبازی ئەکادیمییان پێدەبەخشن بۆ تێگەیشتن لە زمانەکە.
لە کۆتایى دیبەتەکەدا، فێرخوازان گەیشتنە ئەو بڕوایەى کە ئاستی شارەزابوون لە هەر زمانێکی بیانی (50%) بەندە بە وانەبێژەکان و (50%) دیکەیان بەندە بەخوازیارانى فێربوونى زمانى بیانى لەناویاندا زمانى ئینگلیزى، چونکە لە پاڵ خولیا بوون، ڕێگەى ئەو ئامرازە باشەکانیش گرنگن بۆ گەیشتن بەئامانجەکان، زانکۆکانیش دەتوانن ئەو دەرفەتە بڕخسێنن.