
لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێک تایبەت بە وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە دامەزراوە حکومییەکان بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتى بازرگانى عێراق دەستپێکرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 23, 2026
بە ڕاسپاردەی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 22/11/2026 خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو لە بواری کارگێری وبەرێوەبردن بۆ بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە هۆڵی ئەکادیمیای زانکۆی جیهان-هەولێر کردەوە.
خولەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و، سەرپەرشتیارانی بەشەکانی پەرەپێدانی کارگێری وتەکنەلۆژیای زانیاری، هەروەها چاودێرانی پیلاندانان بەشداری تێدا دەکەن.
دەستپێکی خولەکە و ئامانجە ئەکادیمییەکان
لە یەکەم ڕۆژی خولەکەدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود بەخێرهاتنی شاندى وەزارەتی بازرگانی عێراق وهاوەڵانی کرد، دواتر کورتەیەکی لەبارەی ئامانجەکانی خولەکە پێشکەش کرد.
ڕوونی کردەوە خولەکە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بەشداربووان لە گۆڕینی شێوازی کارگێڕیی کۆن بۆ سیستمی دیجیتاڵی، مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە دامەزراوەییەکان، بەکارهێنانی شیکاریی داتا بۆ بڕیاردانی دروست، و دیجیتاڵکردنی کارە ڕۆتینییەکان بۆ ئەنجامدانی کاری کاراتر ڕێکخراوە.
دەروونناسیی گۆڕانکاریی دامەزراوەیی
هەر لە ڕۆژى یەکەمى خولەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر أزور مهدی قاسم ئاغا سەرۆک بەشی میدیا، بابەتێکی زانستیی دەربارەی دەروونناسیی گۆڕانکاریی دامەزراوەیی پێشکەش کرد.
لە وانەکەیدا تیۆرییە سەرەکییەکانی گۆڕانکاریی دامەزراوەیی وچۆنیەتی جێبەجێکردنیان لە دامەزراوە حکومییەکان، هۆکارەکانی بەرگریی کارمەندان لە بەرامبەر سیستمە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان، هەروەها قۆناغە دەروونییەکانی گۆڕانکاری لە شۆک وبەرگرییەوە تا قبووڵکردن وچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان، بە شێوەیەکی تیۆری وکرداری ڕوون کردەوە.
یەکەم ڕۆژى خولەکە بە گفتوگۆیەکى چڕ لە نێوان بەشداربووانى خولەکە و، مامۆستایانى خولەکە کۆتایی هات، کە تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێکى جیاوازى بوارى کارگێری کرد.
You may also like
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن خانەی بەساڵاچووان لە هەولێر بەسەردەكەنەوە

