لە زانکۆى جیهان-هەولێر دادوەر ڕزگار محمد أمین باس لە بنەما یاسایەکان بۆ فێرخوازان دەکات
بۆ سوودوەرگرتنى فێرخوازان لە ئەزمونى کەسانى پسپۆڕ و خاوەن ئەزمون، سەرۆکایەتى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر میواندارى (دادوەر ڕزگار محمد أمین) ئەندامى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان و خاوەن ئەزموون لە بوارى یاسایى و دادوەرى کرد.
لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارێکدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (21/2/2023) لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەئامادەبونى دكتۆر عومەر زوبێر سەرۆکى بەشى یاسا و، دكتۆر گەیلان عومەر عبیدالله سەرۆكی بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و دبلۆماسى و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، دادوەر ڕزگار محمد أمین باسى لە بنەما یاسایەکان و کارى دادوەرى و دادگاکان بۆ فێرخوازان و ئامادەبوان کرد.
لەسەرەتاى سمینارەکەیدا، دادوەر ڕزگار محمد أمین جەختی لەسەر گرنگی زانستە یاساییەكان كردەوە، كە لە قۆناغەكانی خوێندنی كۆلێژ بەفێرخوازان دەوترێتەوە، بەتایبەت یاسا تاوانیەكان و ڕێكارەكانی یاسای دادبینی شارستانی، لەگەڵ چۆنیەتی جێبەجێكردنیان لەسەر ئەو داوایانەی كە لە داهاتوودا بەرزیان دەكەنەوە لە بەردەم دادگا تایبەتمەندەكان.
بەشێکى دیکەى سمینارەکەى تەرخانکرد بۆ شیکردنەوە و قسەکردن لەبارەى جۆرە جیاوازەكانی دادگا، لەگەڵ چۆنیەتی بەرزكردنەوەی داوا لەبەردەم هەریەک لە دادگا جیاوازەکان و، شێوازی دادبینی و تانەدان لە بڕیارەكانی دادگاكان، بۆ ئەو مەبەستەش وردەکارى هەریەک لەو بابەتانەى بۆ فێرخوازان و مامۆستایان باسکرد.
پاشان بەشداربوان و مامۆستایان و فێرخوازان بە سەرنج و پرسیار بەشداریان لە سمنیارەکەدا كرد و، لەلایەن دادوەر ڕزگار محمد أمین وەڵامی زانستی و پیشەیی پرسیارەكانی دایەوە.
لە كۆتاییدا، سەرۆكی بەشى یاسا زۆر سوپاسی دادوەر (ڕزگار محمد أمین)یان كرد بۆ پێشکەشکردنى سمینارەکە و ڕونکردنەوەى زانیاری یاسایی لە ڕووی تیۆری و كرداری بۆ فێرخوازان.