لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێک لەبارەى هەواڵ بۆ فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو
بەئامانجی پتەوکردنی توانای میدیای دیجیتاڵی و، لەسەر بنەمای بەهێزکردنی پردی پەیوەندی نێوان لاوانی عێراق، زانکۆی جیهان-هەولێر میوانداری میدیاکار (سۆلانج ئەلراسی) و، تیمی کاری کەناڵی (الاخبار الان) کرد بۆ پێشکەشکردنی وۆرکشۆپێک بەناونیشانی ( ئێمە بەشێکین لە هەواڵ).
لەو ورکشۆپەکەدا، ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی 31/7/2024 لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، مامۆستاى یاریدەدەر عەبیر مەحمود سەرۆکى بەشی ڕاگەیاندن و مامۆستایانی بەشەکە و ژمارەیەک لە فێرخوازان و دەرچووان ئامادەیبوون.
لە میانی وۆرکشۆپەکەدا، ڕۆژنامەنووس (سۆلانج ئەلراسی) باسی لە گۆڕانکارییەکانی میدیای مۆدێرن و ئەو گۆڕانکاریانە کرد، کە بەسەر ڕووی ناوەڕۆک و کارى ڕۆژنامەوانیدا هاتووە، بۆ ئەوەش تیشکى خستە سەر ڕۆژنامەگەریی هاووڵاتی ، بۆ ئەوەش ڕێنمایی پێویستى پێشکەش بە فێرخوازان و دەرچووان کرد بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لە میدیاى دیجیتاڵى و جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە میدیاکار لەم سەردەمەدا دەبێ شارەزایی تەواوى لەسەر بنەما و پایەکانى میدیاى دیجیتاڵى هەبێ، بەوردیش ئاماژەى بە بنەماکان کرد.
لە کۆتایدا؛ سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن دەستخۆش و سوپاسى میدیاکار (سۆلانج ئەلراسی) و، تیمی کاری کەناڵی (الاخبار الان)ى کرد بۆ پێشکەشکردنى ئەو وۆرکشۆپە، هەروەک جەختى لە پێویستى هەماهەنگى نێوان دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن و ناوەندە ئەکادیمیەکان کردەوە بۆ پێگەیاندنى کادیرى پڕۆفێشناڵ بۆ کارى ڕۆژنامەوانى.
پاشان؛ میدیاکار (سۆلانج ئەلراسی) بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر فێرخوازان و دەرچوانى بەشدارى وۆرکشۆپەکەدا دابەشکرد و، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن، دواتر ئەو ڕۆژنامەنووسە سەردانی کەناڵ و ڕادیۆی جیهانی کرد و ، لە نزیکەوە زانیاری لەسەر تواناکانی کەناڵەکە وەرگرت و ، بەناوەندێکى گرنى دانا بۆ کارکردن و ڕاهێنانی فێرخوازان و پەرەپێدان بە تواناکانیان. لە کۆتاییدا سوپاسی زانکۆی جیهان ـ هەولێری کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى وۆرکشۆپەکە و بایەخدان بە فێرخوازانیان.