
لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆڕکشۆپێکی نێودەوڵەتی دەربارەی خۆراک، قەڵەوی لەنێو منداڵان و میتابۆلیزم بەڕێوەچوو
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 22, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان: ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 22/10/2026، لە دووەمین ڕۆژی کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی «قەڵەوی: سەردەمێکی نوێی 2026 – خۆپاراستن، چارەسەرکردن و چاودێریی فرەپسپۆڕی»، کە لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بەرسامی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان و داهێنان بەڕێوەدەچێ، وۆڕکشۆپێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی «قەڵەوی: سەردەمێکی نوێ لە ڕاهێنانی پرۆسەییدا – لە خۆراک و کارگێڕیی فرەپسپۆڕیی پزیشکییەوە تا جڕاحیی قەڵەوی و سیاسەتە تەندروستییەکان» پێشکەشکرا.
ڕۆڵی پسپۆڕانی خۆراک: لە بڕگەی یەکەمی وۆڕکشۆپەکەدا، دکتۆر صالح مصطفى صالح زێبارى لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بابەتێکى بەناونیشانی «ڕۆڵی پسپۆڕانی خۆراک لە ناو تیمی چاودێریی تەندروستیدا: بانگەوازێک بۆ پەیڕەوکردنی فرەپسپۆڕیی پرۆسەیی» پێشکەش کرد. لە میانەى بابەتەکەیدا جەختی لەسەر پێویستیی هەماهەنگی لەنێوان پزیشکان، پەرستارەکان و، پسپۆڕانی خۆراک بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستیی نەخۆش کردەوە.
قەڵەویی منداڵان: لە بابەتى دووەمدا، دکتۆرە سمیره حسینی، پسپۆڕی سیاسەتەکانی خۆراک لە کۆمپانیای بەرسامی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان و داهێنان، بابەتێکی زانستیی بەناونیشانی «گەشەی تەندروست: هەڵبژاردنی خۆراکی زیرەکانە، شێوازی ژیانی چالاک و بەرگرتن لە قەڵەویی منداڵان» پێشکەش کرد. لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بەهێزکردنی خۆراکی هاوسەنگ، کەمکردنەوەی خواردنەوە شیرینەکان و، برەودان بە چالاکیی جەستەیی لە ناو خێزان و قوتابخانەکاندا.
ڕژێمی OMAD: لە تەوەرێکی دیکەی وۆڕکشۆپەکەدا، دکتۆر هەڤاڵ عەبدوڵڵا خدر لە کۆلێژی زانست لە زانکۆی سۆران، بابەتێکی بەناونیشانی «یەک ژەمە خۆراک لە ڕۆژێکدا (OMAD): ستراتیژییەکی ئەگەری بۆ بەرگرتن لە قەڵەوی» پێشکەش کرد. لە میانەى باسەکەیدا شیکردنەوەی بۆ ئەم شێوازەی ڕۆژووگرتنی پچڕپچڕ (Intermittent Fasting) کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی پێداویستیی تاکەکەسی و بەڵگە زانستییەکان.
بەکتریای سوودبەخش (Gut Microbiota): لە کۆتایی بەرنامە زانستییەکەی وۆڕکشۆپەکەدا، بورهان خەلیل زەنگەنە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە خۆراکی کلینیکی و دامەزرێنەری دامەزراوەی Tareefa Nutrition لە هیندستان و کلینیکی (بیت الطبيعة) لە کەرکووک، بابەتێکی زانستیی بەناونیشانی «میکرۆبایۆتای ڕێخۆڵە و قەڵەوی: ئایا بەکتریای سوودبەخش دەتوانێت کاریگەری لەسەر کێش و میتابۆلیزم هەبێت؟» پێشکەش کرد و پەیوەندیی نێوان ئۆرگانیزمە وردەکان و هەرسکردنی خۆراکی شیکردەوە.



