لە زانکۆی جیهان – هەولێر شەشەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ پڕۆژە نایەبەکانى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی بەڕێودەچێت.
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٧/٥٧/٢٠٢٤، شەشەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ پڕۆژە نایەبەکانى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی لە بەشە زانستییە جیاوازەکانی زانکۆ لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی زانکۆی جیهان – هەولێر دەستى پێکرد.
لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، کە بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، یاریدەدەران و ڕاگری کۆلێژ و، سەرۆکی بەشەکان و، فێرخوازان بەڕێوەچوو، سەرەتا ئامادەبوان بە ساتێک ڕێزگرتن ماتەمینیان بۆ گیانى پاکى شەهیدان نا، پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد و وتى: شانازی بەوەوە دەکەین، کە ساڵ بەساڵ ژمارەی توێژینەوە نایابەکانى قۆناغى کۆتایی فێرخوازەکانمان لە زیادبوندان، وتیشى ئەم کۆنفرانسە دەرئەنجامی چوار ساڵ هەوڵدان و کۆڵنەدان و خوێندنی جدییە، هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ ئەو فێرخوازانەى چاویان لە ئایندەیەکى ڕونترە، چونکە ئامادەکردن و ئەنجامدانى توێژینەوەی بەرز هەنگاوێکی گرنگە لە بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا.
هەر لە وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: زانکۆکەمان یەکێکە لەو زانکۆ پێشەنگانەى گرنگی زۆر بە توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاجیاکان دەدات و، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە بەناوبانگ و پێشکەوتووەکانى جیهان بڵاوکراوەتەوە، کە ژمارەیەک لەو توێژینەوانە لەلایەن فێرخوازانەوە ئەنجام دراون، بۆ ئەوەش پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو فێرخوازانە کرد، کە بە توێژینەوەکانیان لەم کۆنفرانسەدا بەشدارییان کردووە، لەهەمان کاتدا سوپاس و پێزانینی تایبەتى پێشکەشى سەرپەرشتیارانى توێژینەوە و پرۆژە نایابەکانى فێرخوازان کرد، دووپاتیشی کردەوە زانکۆی جیهان – هەولێر دەرگاکانی کراوەیە بۆ سەرجەم فێرخوازانى زانستخواز و توێژەران بەتایبەت ئەوانەى هەوڵی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی یان تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان لە بوارە جیاجیاکان هەیە. بۆ ئەوەش ئەوەى بۆ ئامادەبوان ڕونکردەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر کار بۆ ئەوە دەکات بگاتە ئاستی زانکۆى نێودەوڵەتی و پێشەنگەکان، هەربۆیە بەردەوامە لە ڕەوانەکردنى فێرخوازان بۆ زانکۆ پێشەنگەکانى وڵاتانى جیهان، ڕونیشیکردەوە هەموو ئەمانە بەشێکە لە ئەرکی زانکۆکەیان بۆ ئامادەکردنی نەوەیەک کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاەىلە کەرتە جیاوازەکاندا هەبێت و، خاوەنی توانا و لێهاتوویی زانستی و مەعریفی زۆر دیار بن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆیی سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە کاریان بۆ ڕێکخستنى ئەم کۆنفرانسە زانستیە کردوە، بەتایبەت لیژنە جۆراوجۆرەکان، هاوکات سوپاس و دەستخۆش لە فێرخوازان و سەرپەرشتیارانى خاوەن پڕۆژە نایابەکان کرد.
پاشانیش دانیشتنەکانی کۆنفڕانس بۆ یەکەم ڕۆژ دەستی پێکرد، بڕیار وایە کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت و فێرخوازان هاوڕێ لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانیان سەرجەم توێژینەوەکان بخەنەڕوو.