لە ڕۆژى جیهانى خۆراکدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر فێستیڤاڵی خواردن و پیشانگەی پزیشکی کردەوە
بەچاودێرى و ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە ڕۆژى جیهانى خۆراکدا فیستیڤاڵێکى گەورەى ڕێکخست.
رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (12/10/2022) بەئامادەبوونى و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، دکتۆر عەبدولستار عبدالکریم سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و، سەرۆکى بەشە زانستیەکان و، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە ڕۆژى جیهانى خۆراکدا بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس بە هاوکاری بەشە پزیشکییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، فێستیڤاڵی خۆراک و پیشانگەی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێرى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى جیهان-هەولێر کرایەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى فیستیڤاڵەکەدا دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی بەگرنگیەوە لەو جۆرە چالاکیانەى ڕوانى و، جەختى لە گرنگى ئەو جۆرە چالاکیانە کردەوە بۆ نمایشکردن و پیشاندانى توانا و کارامەیی فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان، بۆ ئەوەش لەگەڵ فێرخوازان گفتوگۆى لەبارەى جۆرى چالاکیەکانیان و ئاستى خوێندن لە زانکۆ و پێداویستیەکانیان کرد، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە، کە بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس تاکە بەشى زانستیە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، لەوەش دڵخۆشتر ئاستى بەرزى زانستى و لێهاتویی فێرخوازانیەتى کە توانیویانە لە بوارى خۆراکى تەندروست چالاکى و داهێنانى ناوازە ئەنجام بدەن، بۆ بەشە زانستیەکانیش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە کاتى بەسەرکردنەوەى ئەو بەشانەدا دوپاتیکردەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر هەموو توانایەکى خۆى دەخاتەگەڕ بۆ پێگەیاندن و فێربونى فێرخوازان بەشێوەیەتى تەواو، بەشێوەیەک ئاستى زانستیان لە پلەى باڵادا بێ.
هاوکات هەر لە فێستیڤاڵی خۆراکدا دەرفەت بۆ کلینیکەکانی پزیشکی، کۆمپانیاکانی ئامێرە پزیشکیەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە بواری تەندروستی و خۆراکدا کاردەکەن ڕەخسێندرا، ئەوانیش توانیان بەرهەمەکانیان لە ڕۆژانى فیستیڤاڵدا نمایش بکەن و بەمیوانیان بناسێنن، جگە لەوانەش لە فێستیڤاڵەکەدا هەڵسەنگاندنی خۆراک و پشکنینی پزیشکی بەخۆڕایی پێشکەش میوانان دەکەن، بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دەستخۆشى لە نوێنەرى کلینیکەکانی پزیشکی، کۆمپانیاکانی ئامێر، ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد بۆ ئەنجامدانى کارى هاوبەش بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە بەگشتى.
لە فێستیڤاڵی خواردن و پیشانگەی پزیشکی کە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس و بەشە پزیشکیەکان و کلینیکەکانی پزیشکی لە ڕێگەیەوە ڕێنمایی خۆراکى تەندروست لەبارەى خۆاردن و خواردنەوە تەندروستەکان پێشکەش بەئامادەبوان دەکەن، هەروەها فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس پۆستەر و نامیلکەى تایبەت سەبارەت بە خۆراک و نەخۆشیەکان و، خۆراکە تەندروستەکان و، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەست بە خۆراک پێشکەش بەمیوانانى فیستیڤاڵ دەکەن، جگە لەوانەش بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس خواردنە نەریتییەکان، چێشتخانە جیاوازەکان و، خواردنەوەکان لە ڕۆژانى فیستیڤاڵدا نمایش دەکات.