یونامی میوانداری فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکات
لە چوارچێوەی چالاکیە بەردەوامەکانى سەرۆکایەتى بەشى پەیوەندى نێودەوڵەتى و دبلۆماسیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) بۆ بەسەرکردنەوەى دامەزراوە سیاسى و دبلۆماسى و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان، سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێەمى بەشەکەى بۆ نوسینگەى ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI) بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محمود اسماعيل محمد ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٥/٢٠٢٣) بەڕێوەچوو، فێرخوازان و لەلایەن دكتۆر ڕەشوان سالح یاریدەدەری بەشی زانیاری گشتی پێشوازییان لێکرا، دواتر لە نزیکەوە ئاشنای کارەکانی کارمەندانی یونامی بوون و، گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێکی جێسەرنجی جۆراوجۆر کرد.
پاشان ڕیکاردۆ ڕۆدریگێز، بەرپرسی نووسینگەی هەرێمایەتی یونامی لە هەولێر، بەخێرهاتنی قوتابیانی بۆ باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و، ئینجا کورتەیەکی سەبارەت بە ئەرك و چالاکییەکانی یونامی و چەند بابەتگێکی گشتی تری پەیوەست بە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەك بابەتی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و زانیاری گشتی و کاروباری مین، پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
لە وتەکانیاندا بۆ بەشداربووان، نووسینگەی کاروباری سیاسی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لەوانەش لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتە کەمینەکان؛ لە کاتێکدا نووسینگەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەو زنجیرە سیمینارانە کرد کە لەسەر بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکان و هەروەها ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئەنجامیان داوە.
هەروەها بەشەکانی دیکەی نێردەکە ڕاهێنان لەسەر لایەنەکانی جێندەر و گەنجان و سەبارەت بە پەیوەندییە میدیاییەکان پێشکەش دەکەن. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS) کورتەیەکیان لە کارەکانیان، لەوانە ئەو ناوچانەی کە لە پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕ لە سەرانسەری عێراق پاککراونەتەوە پێشكەشكرد.