ئاڵودەبوون بەئینتەرنێت لە سمینارێکى هۆشیارى بەشى یاسادا
بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر، (خەیروڵڵا وەحدەدەین حسێن)، کە فێرخوازى قۆناغى سێیەمە لە بەشى یاسا سمینارێکى بەناونیشانى (ئاڵودەبوون بەجیهانى ئینتەرنێت) ئەنجامدا.
لەو سیمنارەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/٣/٢٠٢١) بەڕێوەچوو، (خەیروڵڵا وەحدەدین) باسى ئینتەرنێت و هۆکارەکان و ڕێگەچارەکانى دوورکەوتنەوە لە ئاڵودەبوون بەئینتەرنێت کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا ووتى: ئاڵودەبوون بەئینتەرنێت جۆرێکى نوێیە لە جۆرەکانى ئاڵودەبوون، کە بەهۆیەوە تاک ڕۆژانە کاتێکى زۆرى بۆ تەرخان دەکات و، لە ژیانى ئاسایی و ئەرک و کارەکانیان دوورى دەخاتەوە.
لەڕووى کۆمەڵایەتیشەوە، ئاڵودەبوون بەئینتەرنێت کاریگەرى زۆرى دەبێت لەسەر دابڕانى کۆمەڵایەتى و دورکەوتنەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت ئەندامانى خێزان، هاوڕێ و شوێنى کار، بەوەش کاریگەرى نەرێنى دروست دەکات، تا دەگاتە دروستبوونى دەڵەڕاوکێ و ناجێگیرى دەروونى لەلاى تاکەکان.
لە بەشى کۆتایى سمینارەکەیدا، ئەو فێرخوازە باسى لە کۆمەڵێک ڕێوشوێن کرد، کە پێویستە تاکەکان پەیڕەوى بکەن بۆ ئەوەى لە ئاڵودەبوون بەئینتەرنێت دوور بکەونەوە.