بەئامادەبونى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆتایی بەخولى چارەسەرى سروشتى هات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند؛ چارەسەرى سروشتى یەکێکە لە پسپۆڕییە گرنگەکانى بوارى پزیشکى، بۆیە بەشداریکردن لە خولى هاوشێوە لە پاڵ خوێندنى ئەکادیمى دەرفەتێکى باشە بۆ بەرزکردنەوەى کارامەیی فێرخوازانى چارەسەرى سروشتى لە بوارەکەى خۆیاندا.
ئەم وتەیەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٦/٣/٢٠٢٣) لە میانەى وتەیەکیدا هات، کە بەبۆنەى کۆتایی هاتنى خولى چارەسەرى سروشتى بۆ فێرخوازان پێشکەشیکرد، لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و فێرخوازان لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر ڕایگەیاند: لە زانکۆى جیهان-هەولێر تەنها گرنگى بەوە نادەین دواى چوار ساڵ یان پێنچ ساڵ بڕوانامەیەکى ببەخشین بەدەرچوان، بەڵکو دەمانەوێ بایەخ بەبەهێزکردنى پردى پەیوەندى نێوان دەرچوان و کۆمەڵگە و دامەزراوە جیاکانى حکومەت و کەرتى تایبەت بدەین.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیشیکردەوە؛ وەرگرتنى بڕوانامە کۆتایی زانست نیە، بەڵکو هەنگاوى یەکەمە لە بوارى زانست و پسپۆڕی، لەبەرئەوەى زانست بەردەوام پێش دەکەوێ، ئەوەى بیەوێ هەلى کار بۆ خۆى بدۆزێتەوە، یان بیەوێ ببێتە مرۆڤێکى پێشکەوتوو لە پسپۆڕیەکەى خۆیدا دەبێ بەردەوام هەوڵ بدات و زانیارییەکانى نوێ بکاتەوە، یەکێک لەو ڕێگەیانەى کە مرۆڤ بتوانێ لەگەڵ سەردەمەکەى خۆی و پێشکەوتن و گۆڕانکارییە خێراکان خۆیی بگونجێ تەنها بەشداریکردنە لەو جۆرە خولانەى کە ئێستا ئێمە لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەوڵمان بۆى داوە و لەهەموو پسپۆڕییەکان ئەنجامى دەدەین.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەگرنگیەوە باسى لە بوارى چارەسەرى سروشتى کرد و وتى: لە بوارى تەندروستى دوو بنەما هەیە زۆر گرنگە، یەکەمیان دەڵێ (خۆپارێزى باشترە لە چارەسەر)، دوەمیشیان (ئەوەیە لە مەوادى کیمیاى دورکەویتەوە)، بابەتى خواردن و بابەتى چارەسەرى سروشتى کە دوو بابەتى خولەکەتان بوو، هەردوکى مرۆڤ دوردەخاتەوە لە کۆمەڵێک کارى پزیشکى کە پێویست ناکات پەناى بۆ بەریت.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە کارنامەى زانکۆکەى لە بوارى چارەسەرى سروشتى کرد و، ڕایگەیاند؛ بەپێى داتا سەرەتاییەکان دەرکەوتووە زۆربەى ئەوانەى لە سەنتەرەکانى چارەسەرى سروشتى کاردەکەن، لە دەرەوەى عێراق و هەرێمى کوردستان هاتوون، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بووە، کە زانکۆکان گرنگیان بەو پسپۆڕییە نەداوە، بەڵام لە زانکۆى جیهان بۆ یەکەمجار ئەو پسپۆڕییەمان کردەوە و، دەتوانین کادیرى وا پەروەردە بکەین کە لەو سێنتەرانە کار بکەن.
لە کۆتای وتارەکەشیدا؛ ڕوو لە بەشداربوانى خولەکە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتى: کارى ئێوە لەگەڵ کۆتایهاتنى ئەم خولە کۆتایی پێ نایات، بەڵکو دەبێ بەردەوام زانیارییەکانتان نوێ بکەنەوە، جا بەشێوەیەکى کەسى بێت، یان لە ڕێگەى زانکۆ و خولەکانى هاوشێوە بێ، چونکە چارەسەرى سروشتى وەک پیشەیەک تازە ڕۆڵى خۆى وەرگرتووە لە بازاڕى کاردا، جگە لەوەى وەک مرۆڤێک سودى لێ وەردەگرن، بەڵام وەک پیشەیەکیش سودى زۆرى هەیە تا بتوانى خزمەتى هاوڵاتى و وڵات بکەیت.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، بڕوانامەى زانکۆى جیهان-هەولێر و بڕوانامەى نێودەوڵەتى ئەکریدیتەشنى بەریتانى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و، یاریدەدرانى سەرۆکى زانکۆ بەسەر فێرخوازانى بەشداربوى خولەکەدا دابەشکرا، کە پێکهاتبوون لە فێرخوازانى (زانکۆى هەولێرى پزیشکى، زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، زانکۆى جیهان-هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە کارمەندانى سەنتەرەکانى کەرتى تایبەت) لەهەمان کاتدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینى سەرۆکایەتى زانکۆى پێشکەش بە ڕاهێنەری چارەسەری فیزیکی (ئیسماعیل محسین محمد) کرد.
لە خولى چارەسەرى پزیشکیدا، کە لەلایەن سەرۆکایەتى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەرپەرشتی دەکرا، بۆ ماوەى پێنچ ڕۆژ بەردەوام بوو، ڕۆژانە لەلایەن ڕاهێنەری چارەسەری فیزیکی (ئیسماعیل محسین محمد ) خاوەن بڕوانامەی تایبەت و نێودەوڵەتی لەم بوارە بەشێوەیەکى تیۆری و پراکتیکی ڕاهێنانى بە فێرخوازانى بەشداربوى خولەکە دەکرد.
لە ماوەى ڕۆژانى بەڕێوەچونى خولەکەشدا فێرخوازان ئاشنای بابەتەکانى چارەسەرى سروشتى لە بوارەکانى (kinesiotaping, dry needling + acupuncture, cupping ( dry and wet ), Physical examination and assessment , role of physiotherapy in ICU and RCU ( chest physiotherapy), joint mobilization ( chiropractic ) & chiropractic gun) کران و ڕاهێنانیان پێکرا.