بەئامادەبوونى سەرۆکى زانکۆ، بەشى ڕاگەیاندن پیشانگەیەک دەکاتەوە
لە چوارچێوەى کاروچالاکییەکانیدا و، بۆ هاندانى فێرخوازان، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن پیشانگەیەکى بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەم ڕێکخست.
لەو پیشانگەیەدا، کە ڕۆژى پێنچشەممە ڕێکەوتى (٤/٢/٢٠٢١) لەلایەن (پ.د.ئەمجەد سابر) دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرایەوە، فێرخوازان بەرهەمەکانیان لە بوارى دیزاینى ڕۆژنامە و گۆڤار نمایش کردبوو.
ئەو پیشانگەیە، کە (مامۆستا ئامانج عەلى عوسمان) سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن و مامۆستایان و فێرخوازان ئامادەیبوون، لەلایەن (مامۆستا عومەر حەسەن فەهمى) مامۆستاى بابەتى (دەرهێنانى ڕۆژنامەوانى) سەرپەرشتى دەکرا.
فێرخوازان لە میانەى پیشانگەکەیاندا و، لە دیزاینى ڕۆژنامە و گۆڤاردا نوێترین هونەر و بنەماکانى دیزاین-یان بەکارهێنابوو، لەهەمانکاتدا ڕەچاوى لایەنى زانستى و ئەکادیمیش کرابوو.
(د.ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان دواى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکە دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن و مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان کرد، وتیشى ئەم هەنگاوێکى گرنگە بۆ پراکتیزەکردنى ئەو زانیارییانەى بەشێوەیەکى تیۆرى فێرى دەبن.
لەلایەکى دیکەوە، هەر هەمان ڕۆژ بەئامادەبوونى (مامۆستا ئامانج عوسمان) سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن بەوەکالەت لەلایەن فێرخوازانى قۆناغى سێ (عومەر جەبار و مستەفا قاسم) بابەتێکیان لەبارەى دیزاینى ڕۆژنامە و گۆڤارەکانى بەزمانى کوردى پێشکەشکرد.
لە میانەى خستنەڕووى بابەتەکەیاندا، فێرخوازان باسى قۆناغە جیاکانى ئامادەکردنى پێداویستیەکان و دیزاین و بەرهەمهێنانى ڕۆژنامەیان کرد، لەگەڵ چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە پرۆگرامەکان بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان.