بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر یادى ١٢٤ ساڵەى ڕۆژنامەى کوردستان دەکاتەوە
لە چوارچێوەى کار و چالاکیە بەردەوامەکانى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ بەرزڕاگرتنى بۆنە نیشتیمانى و نەتەوەیی و جیهانیەکان، بەفێستیڤاڵێک یادى ١٢٤ ساڵەى دەرچونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردى (کوردستان)ى کردەوە.
لەو فیستیڤاڵەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٩/٤/٢٠٢٢) لە هۆڵى کۆنفرانسەکان، بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەر سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، ئازاد حەمەئەمین نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچو، لەسەرەتادا ئامادەبوان ساتێک بێ دەنگیان بۆ گیانى پاکى شەهیدانى ڕێگەى ئازادى نواند.
پاشان دکتۆر ئامانج عەلى سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن وتەیەکى خوێندنەوە لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان بۆ فیستیڤاڵەکە، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەى لە ڕۆژنامەنوسان و میدیاکارانى کورد کرد، هەروەک بەگرنگیەوە باسى لە دەرچونى ڕۆژنامەى کوردستان و، ژینگەى سیاسى و نەتەوەیی دەرچونى ڕۆژنامەکە کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بەڕۆڵى بەدرخانیەکان کرد لە گەیاندنى دۆزى نەتەوەى کورد بەکەنارى ئارام.
لە بەشێکى دیکەى فیستیڤاڵەکەدا، فیلمێکى دۆکیۆمێنتارى مامۆستاى یاریدەدەر (هێمن ئەمین شوانى) لەبارەى بنەماڵەى بەدرخانیەکان و چۆنیەتى دەرکردنى ڕۆژنامەى کوردستان و ڕۆڵیان لە جۆشدانى بەهزرى نەتەوەیی نمایش کرا.
پاشان ئازاد حەمەدەمین نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا، ڕاگەیاند: ڕۆژى ٢٢ى مانگى هەموو ساڵێک بۆ ئێمە دوو یادى گرنگ، ئێمە لەگەڵ یادکردنەوەى دەرچونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردى بەناوى کوردستان، یادى ٢٤ ساڵەى دامەزراندنى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانیش دەکەینەوە، لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان باسى لەو پێشکەوتنانە کرد، کە لە بوارى ڕۆژنامەگەریدا لە کوردستان بەدیهاتوون، بۆ ئەوەش وتى: لە سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان (٩٨٠) ڕۆژنامە و بڵاوکراوە ناویان تۆمار کردوە، ئەوە جگە لە چەندین کەناڵى دیکەى کوردى، کە هەریەکەیان لە سۆنگەیەکەوە خزمەت بەدۆزى ڕەواى گەلەکەمان دەکەن و، ڕاى گشتى لەبارەى بابەت و گرفتە جیاکانى کۆمەڵگە دروست دەکەن، نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان ڕوو لە ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند: دەرفەتەکانى ئێستا بۆقۆزنەوە و هەوڵەکانتان چڕتر بکەنەوە بۆ پێگەیاندنى زیاترى خۆتان، چونکە داهاتوتان ڕون دەبێ و، ئایندەى کوردستان لە بوارى ڕاگەیاندن بەرەوپێشچونى زیاتر بەخۆیەوە دەبینى.
لە بەشێکى دیکەى فیستیڤاڵەکەدا، فیلمێکى تایبەت لەبارەى دامەزراندنى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر و چۆنیەتى گەشەسەندنى نمایش کرا، ئەو فیلمە لەلایەن فێرخوازان کاروان مەسعود فێرخوازى قۆناخى دوەم ئامادەکرابوو.
بەشێکى دیکەى فیستیڤاڵەکە تەرخان کرا بۆ یادکردنەوەى ڕۆژنامەى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆفیسۆر دکتۆر وریا عومەر بابەتێکى لەبارەى ساخکردنەوەى لایەنى مێژویی دەرچونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردستان پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش دواى خستنەڕوى بەڵگەکان و بەدواداچونەکانى ڕاگەیاند: لە بنەڕەتدا (٢١/٤) ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردیە، نەک (٢٢/٤).
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر هێرش ڕەسول بابەتێکى بەناونیشانى(ڕاگەیاندنى کوردى لە هەرێمى کوردستان..ئاست، ئاستەنگ و ئاسۆکانى) پێشکەش کرد، لە میانەى خستنەڕوى بابەتەکەیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر هێرش ڕەسول بەوردى باسى لە گەشەکردنى میدیاى کوردى و ئاستەنگە یاسایی و ئەکادیمی و پیشەیی و ئاکارییەکانى ڕۆژنامەگەرى کوردى کرد، بۆ ئەوەش چەندین نمونەى جیاى هێنایەوە، هانى فێرخوازانیشیدا برەو بەتوێژینەوەى زانستى لە بوارى میدیا بدەن، چونکە ئەزمونى ئەکادیمى کوردى لە بوارى میدیا ئەزمونێکى تازەیە و پێویستى بەتوێژینەوە و لێبوردبونەوەى ئەکادیمى زۆرە.
هەر لەو فیستیڤاڵەدا، کۆمەڵێک بەرهەم و کار و چالاکى فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە قۆناخە جیاکان نمایش کرا.
فیستیڤاڵەکە، بەپێشکەشکردنى بڕوانامەى ڕێزلێنان لەلایەن ئامادەبوانەوە بەسەر ئەو فێرخوازانە دابەشکرا، کە لە ئێستادا لە پاڵ خوێندنى ئەکادیمى لە دامەزراوەیەکى ڕاگەیاندن کار دەکەن، یاخود خاوەن پڕۆژەى ڕاگەیاندنى تایبەت بەخۆیانن.