بەشى کارگێڕى کار، خوانى بەربانگ بۆ خانەى بەساڵاچوان ئامادە دەکات
بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامى بەکارە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانى خۆى دەدات و، لەو چوارچێوەیەدا و لە مانگى ڕەمەزانى پیرۆز خوانى بەربانگى بۆ خانەى بەساڵاچوانى هەولێر ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/٤/٢٠٢٢) بەرامبەر (٢٧)ى ڕەمەزان بەئامادەبونى دکتۆر قوسەى حەمید سەلامى و، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر بوشرى عەلى، لێژنەى چالاکیەکانى فێرخوازان، خوانى بەربانگى بۆ سودمەندانى خانەى بەساڵاچوانى شارى هەولێر ڕێکخست، لەم میانەى ئەو چالاکیە خێرخوازیەدا فێرخوازان بەڕەچاوکردنى تەمەن و لایەنى تەندروستى و نەخۆشیەکانى کەسانى بەساڵاچوو چەندین جۆر خواردن و شلەمەنیان بۆ بەساڵاچوانى ناو خانەکە ئامادەکرد، کە ژمارەیان زیاتر لە (١٠٠) بەساڵاچوو دەبێت، چالاکیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى بەساڵاچوان و فێرخوازان، کە بەهۆیەوە توانیان ژینگەیەکى تەندروست و لەبارى خێزانى بۆ بەساڵاچوان ئامادە بکەن و کاتى خۆش بەیەکەوە بەسەر بەرن.
ڕێکخستنى ئەو خوانى بەربانگى ڕەمەزانە، کە بەر ئەنجامى سەردانەکانى پێشوترى بەشى کارگێڕى کارە لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ خانەى بەساڵاچوان، لێژنەى چالاکیەکانى بەشەکە ڕۆڵێکى گرنگیان لە ڕێکخستنیدا هەبوو بەتایبەت فێرخوازان (هەكار محەممەد عەبدول لەتيف، يوسف نەفى ئەحمەد و شاسوار ساڵح محەممەد) و ژمارەیەکى دیکەى فێرخوازان کە هاوکار بون لە ئامادکردنى ئەو خوانەدا.