بەشی کارگێڕی کار بەردەوامە لە داڕشتنى نەخشەڕێى یارمەتیدانى قوتابخانەکان
لە بەردەوامى سەردانە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ داڕشتنى نەخشەڕێى چۆنیەتى یارمەتیدانى ئەو قوتابخانانەى پێویستیان بەهاوکارى و کۆمەک هەیە، سەردانى قوتابخانەیەکى دیکەیان لە سنورى شارى هەولێر کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (9/11/2022) بەسەرپەرشتی دکتۆر قوسەی حەمید السلامی و مامۆستاى یاریدەدەری بوشرە عەلی، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشی کارگێڕی کار سەردانى ناوەندى ئەلنسرى نمونەیی کچان کرد، مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن ستافى بەڕێوەبردنى قوتابخانەکە پێشوازیان لێکرا، ئێنجا فێرخوازان کۆمەڵێک پۆستەرى تایبەت بە بوارەکانى هۆشیارى کارگێڕی و ڕاگەیاندن و پزیشکی و خۆراک پێشکەش بەقوتابخانەکە کرد، کە لەلایەن مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکرابوون.
هەر لە میانەى سەردانەکەدا، بە پێداچوونەوە بەو چالاکیانە کرا، کە ساڵى ڕابردوو لەچوارچێوەى هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکان پێشکەش بەو ناوەندیە کرابوو، پاشان گفتوگۆیان لەسەر چالاکییەکانی داهاتوو کرد، کە بڕیارە لە نێوان قوتابخانەکە و زانکۆدا ئەنجام بدرێت.