بە بەشداری نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولیر؛ دەستەیەکى نوێ بۆ یەکێتیی وەرزشیی زانکۆکانی عێراق هەڵبژێردرا
ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١ی ئایاری ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری ٣٥ زانکۆی حکومی و تایبەت لە سەرانسەری عێراق، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی “یەکێتیی وەرزشیی زانکۆکانی عێراق” لە شاری هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.
لەو پرۆسەیەدا ، مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد سعید ئەحمەد)، مامۆستا لە بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان؛ وەک نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر ، بەشداریی کرد و، لە ئەنجامدا دەستەیەکى نوێی بۆ یەکێتییەکە هەڵبژێردرا، کە لە ( ١٣) ئەندام بۆ سەرکردایەتیکردنی چالاکییە وەرزشییەکان پێکهاتوون.
زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوام ناوەندێکى ئەکادیمى پاڵپشتیکارە سەرەکییەکانی چالاکییەکانی ئەم یەکێتییە ناسراوە و بەشداریی ئێستاشی، دووپاتکردنەوەی ئەو دیدگا سەرکردەییەیە کە زانکۆکە هەیەتی لە پێشەنگایەتیکردنی چالاکییە نیشتمانییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی تواناکانی فێرخوازان لە ئاستی کێبڕکێیە نیشتمانییەکاندا. جگە لەوەش یەکێتیەکە وێستگەیەکى گرنگە بۆ بەهێزکردنی پردێکی پەیوەندیی پتەوتر لەنێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە ساڵانە “یەکێتیی وەرزشیی زانکۆکانی عێراق” چەندین چالاکی و پێشبڕکێی وەرزشی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێکدەخات.







