مامۆستایەکی زانکۆى جیهان-هەولێر؛ دەبێتە سکرتێرى گشتی فێدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی کوردستان
بۆ خزمەتکردن بە بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمێکدا بە فەرمی دامەزراندنی “فێدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی کوردستان” ڕاگەیەندرا و، مامۆستایەکی زانکۆى جیهان-هەولێریش؛ بووە سکرتێرى گشتی فێدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی کوردستان.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٩/٤/٢٠٢٥) لە لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشی کوردستان بەڕێوەچوو، مامۆستا (ئەژین حمدامین قادر)، مامۆستا لە بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک سکرتێری گشتیی ئەم فێدراسیۆنە دەستنیشانکرا. ئەم هەنگاوە وەک بەڵگەیەکی زیندووی متمانەی دامەزراوە وەرزشییەکان بە توانستە ئەکادیمی و کارگێڕییەکانی ستافی زانکۆی جیهان-هەولێر هەژمار دەکرێت.
ئەم دەستکەوتە نیشتمانییە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو ژێرخانە مۆدێرنە و میواندارییە سەرکەوتووە بوو کە زانکۆی جیهان-هەولێر لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا بۆ “جامی جیهانی تۆپی پێی بچووککراوەی ئافرەتان” لە نێو کەمپەسی زانکۆدا ڕەخساندی. هەر ئەوەش بووە بنەمایەکی بەهێز بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش لە کوردستان داوایەکی فەرمی پێشکەش بە فێدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی جیهان بکات، بۆ ئەوەی کوردستان وەک ئەندامێکی فەرمی بناسێنرێت. لە بەرامبەردا و، لە پەراوێزى ئەم مەراسیمە و لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیندرا فێدراسیۆنی جیهانیی ئەم وەرزشە کە بە (WMF) ناسراوە، بە فەرمی هەرێمى کوردستاندا داواکەى قبوڵ کرد و، لە ئەمڕۆ بەدواوە وەک ئەندامێکی سەربەخۆ بە ئاڵا و ناوی خۆیەوە لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا پێشوازی لێ دەکات.
بەشداریی کارای مامۆستایانی ئەم زانکۆیە لە لوتکەی هەرەمی فێدراسیۆنە وەرزشییەکاندا، گوزارشت لە ستراتیژیەتی زانکۆ دەکات بۆ بەستنەوەی زانست بە پراکتیک و بەرزکردنەوەی ناوی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە جیهانییەکاندا.







