فێرخوازانى زانستى تاقیگەى پزیشکى پشکنینى تەندروستى بۆ کافتریاکانى زانکۆ دەکەن
بۆ دڵنیابوون لە لایەنى تەندروستى ئەو خواردن و خواردەمەنیانەى، کە لە کافتریاى زانکۆ پێشکەش بەفێرخوازان دەکرێ، لە بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى چالاکیەکى تەندروستى بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتى (16-10-2022) و، لە چوارچێوەى چالاکیەکانیان بۆ پەرەپێدانى توانا و کارامەیی فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ڕێبین سەڵاح عەلى فێرخوازانى قۆناخى دووەمى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى زانستى تەندروستى بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، کە تایبەت بوو بە پشکنینى تەندروستى بۆ کافتریاکانى زانکۆ، لەسەرەتادا فێرخوازان سەردانى کافتریایەکانى زانکۆیان کرد سەرەنج و تێبینیەکانیان سەبارەت بەئاستى پاک و خاوێنى مێزەکانى نانخواردن و ژینگەى ناوەوەى کافتریاکە تۆمار کرد، پاشان چەند نمونەیەکیان لە خواردن و خواردنەوەکانى سەر مێزەکانى نانخواردنى کافتریایەکان به شێوازی سواپ وەرگرت.
لە بەشى کۆتایى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان لە تاقیگەکانى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى شیکارى زانستی و پشکنینى وردیان بۆ نموونەى خواردن و خواردنەوە وەرگیراوەکانى کافتریایەکان ئەنجامدا، لە کۆتایشدا دەرکەوت تاڕادەیەکى باش لایەنى تەندروستى لە ژینگەى کافتریا و خاوێنى خواردن و خواردنەوەکان ڕەچاوکراوە. چالاکیەکەش بووە ئەزمونێکى نوێ بۆ فێرخوازان.