فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر توانا هونەریەکانیان دەخەنەڕوو
لە پاڵ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانیان و، بۆ دەرخستنى توانا هونەریەکانى فێرخوازان، فێرخوازێکى بەشى کارگێڕى کار بەشدارى لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى دەکات.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٢/١٢/٢٠٢١) فێرخوازان و هونەرمەند (جۆزیف ئەحمەد)، کە فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى کارگێڕى کارە لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى بەرنامەى (ڕەنگەکانى جیهان) کرد، کە لەلایەن ڕفقە حەسەن و عوبێد بەشار لە کەناڵى تەلەفزیۆنى ناوخۆیی جیهان پێشکەش دەکرێ.
لە میانەى پێشکەشکردنى بەرنامەکەدا، جۆزیف ئەحمەد کورتەیەکى لە ژیانى باسکرد، بەتایبەت ژیانى هونەرى و چۆنیەتى پەرەپێدان بەتوانا هونەریەکانى هەر لەسەردەمى لاویەتى تا گەیشتۆتە ئەو قۆناغەى ئێستاى، هاوکات باسى لە کاریگەرییەکانى ژینگەى دەروبەرى کرد، کە بەردەوام هانیانداوە بۆ ئەوەى پەرەى زیاتر بەو توانا هونەریانەى بدات.
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا، باسى لە گیتارژەنی و پەرەپێدانى توانا هونەرییەکانی بۆ ژەنینی چەندین ئامێری تری میوزیکی وەک پیانۆ و کلارینێت کرد، هاوکات لە میانەى وەڵامدانەوەى پرسیارەکاندا باسى لە چەندین بوارى دیکەى هونەرى کرد بەتایبەت وهونەر مۆسیقا.
بەرنامە بەژەنینى چەند پارچە مۆسیقایەک و پێشکەشکردى چەند گۆڕانیەک بەزمانەکانى کوردى، فارسى و تورکى ڕازێندرایەوە.