فێرخوازانى کارگێڕى کار سەردانى کارگە جیاکانى دەکەن
سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى پلانى ساڵانەى خۆیدا و بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بەژینگەى کارکردن لە کۆمپانیا و کارگە و دامەزراوە جیاکان، چەندین سەردانى زانستى بۆ فێرخوازەکانى خستۆتە بەرنامەى کارى ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢).
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پلانە، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٥/١٠/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستا سەحەر جەلال فەتاح و مامۆستاى یاریدەدەر بشرى عەلى، فێرخوازانى قۆناغى دووەم سەردانى کارگەى (R.A.Q)یان بۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنى پردى ئامادەکرا بەکۆنکرێت لەشارى هەولێر کرد.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، دواى پێشوازیکردنیان لەلایەن سەرپەرشتیارانى کارگەکە و، گەڕان بەناو بەشە جیاکانى کارگەکە و ئاشنابوون بەچۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان و سیستمى ڕێکخستنى کاروبارەکان، لەلایەن ئەندازیار شوان محمد نەقشبەندى سەرپەرشتیارى کارەکان زانیارى ورد لەبارەى مێژوى دامەزراندنى کارگەکە و چۆنیەتى کارکردن لە ژمارەیەک لە پڕۆژە گرنگ و گەورەکانى کوردستان پێشکەشى فێرخوازان کرد، لەهەمانکاتدا باسى لە هەنگاوەکانى دیزاین و دروستکردنى پردى کۆنکرێتى و چۆنیەتى گواستنەوە و دانانیان لە شوێنى مەبەست کرد.
لە کۆتایی سەردانەکەشدا، فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار چەندین پرسیاریان لەبارەى قۆناغەکانى بەرهەمهێنان و قازانج و زیانەکان و چۆنیەتى بەبازارکردنى بەرهەمەکان ئاراستەى سەرپەرشتیاران کرد و، لەلایەن ئەندازیارى سەرپەرشتیار شوان محمد نەقشبەندى وەڵامى فێرخوازان درایەوە، سەردانەکەش بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازانى و سەرخانکردنى زانیارییەکانیان لە شوێنى کار بەشێوەیەکى پراکتیکى.