فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا بەشدارى لە چەند چالاکیەکى جیاواز دەکەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە زانكۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان دەستیان بەکۆرسى خوێندنى ئەکادیمى خۆیان کردوە، لەپاڵ خوێندن و پەرەپێدان بەلایەنى زانستى و ئەکادیمى خۆیان لەهەمانکاتدا بەشداری لە چەندین چالاکیەکى جۆراوجۆر دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە چالاکیەکى وەرزشى تایبەت بەخلیسکانیەى سەر بەفر لە یاریگەى (tor łyżwiarsk stegny) کرد، کە لەلایەن +Erasmus بۆ فێرخوازانى نەتەوەجیاکان ڕێکخرابوو، لەم چالاکیەدا فێرخوازان لە پاڵ بەسەربردنى کاتێکى خۆش لەگەڵ یەکتر، هاوکات بووە دەرفەتێکیش فێرخوازانى نەتەوە جیاکان، کە لە ئێستادا لە چوارچێوەى پڕۆژەى (+Erasmus) لە پۆڵندا دەخوێنن لە نزیکەوە ئاشناى یەکتر و زمان و کەلتورى وڵاتەکانى یەکتر بن.
لەلایەکى دیکەوە، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٧/٣/٢٠٢٢) بەشداریان لە وۆرکشۆپێکى کرد، کە لەلایەن نووسینگەی نێودەوڵەتی زانکۆی وارشۆ بۆ زانستە زیندوەکان بۆ فێرخوازانى نێودەوڵەتى ڕێکخرابوو.
وۆرکۆشپەکەدا، تەرخان کرابوو بۆ ناساندن و ئاشنابوون بە چۆنیەتى ژیان لە وارشۆ و، چۆنیەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ژیانى ئەو وڵاتە بەتایبەت لەماوەى مانەوەى خوێندن، وۆرکشۆپەکە بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تا وردتر فێرى ژیانکردن لە وڵاتى پۆڵندا ببن و، کەلتورى ئەو وڵاتە بناسن.