لە بەشی یاسا پێشبڕكێیەكی زانستی و ڕۆشنبیری بەڕێوەچوو
بۆ پەرەپێدان بەئاستى زانستى و تواناى ڕۆشنبیرى فێرخوازان بەتایبەت ڕۆشنبیرى یاسایی و گشتى، سەرۆکایەتى بەشى یاسا پێشبڕکیەکى زانستى لە نێوان فێرخوازان بەڕێوەبرد.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (11/4/2022) بە سەرپەرشتی مامۆستا لیلی قاسم و، بەئامادەبوونی دكتۆر عمر زبیر سەرۆكی بەشی یاسا لە زانكۆی جیهان-هەولێر پێشبڕكێی زانستی و ڕۆشنبیرییەکە لە نێوان فێرخوازانی قۆناغەكانی یەكەم و سێیەم بەڕێوەچوو.
هەر لەو پێشبڕکێیەدا، کە لە هۆڵى دادگەى گریمانەیی بەئامادەبوونى هەریەک لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ابراهیم سامەرائی و مامۆستای یاریدەدەر اسماعیل رسول بابكر و، مامۆستای یاریدەدەر هشام هاشم بەڕێوەچوو، چەند چالاکیەکى لەخۆگرتبوو، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا كۆمەلێك پرسیاری جۆراو جۆر لە بوارەكانی یاسا و ڕامیاری بەتایبەت و، بوارەکانى مێژوو، وەرزش، ئاین و چەند بابەتێکى تری ڕۆشنبیری گشتی بەجیا ئاراستەى هەریەک لە گروپەکان کرا.
پێشبڕکێیەکە، لەپاڵ ڕەخساندنى ژینگەیەکى کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی گونجاو، لەهەمان کاتدا بوە وێستگەیەکى گرنگ بۆ دروستکردنى گیانى پێشبڕکێی زانستى لە نێوان فێرخوازان بەمەبەستی فراوانكردنی ئاسۆی بیریان و ئاشناكردنیان بە بابەتی هەمەلایەن و، هاندانیان لەسەر خویندنەوەی بابەتی جۆراو جۆر.
لە كۆتاییدا، دكتۆر عمر زبیر سەرۆكی بەشی یاسا دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەركەوتوانی پێشبڕكێكە كرد و هانى فێرخوازانیدا پەرە بەتواناى زانستى و ڕۆشنبیرییان لە بوارە جۆراوجۆرەکان بدەن و ئاڵوگۆڕى زانستى و ڕۆشنبیرى یاسایی لەگەڵ یەکتر بکەن.