وۆرکشۆپێک لە بوارى بەبازارکردن لە بەشى کارگێڕى کار بەڕێوەچوو
سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەناونیشانى (بەبازاڕکردنى سەردەم) و بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان، لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆى جیهان وۆرکشۆپێکى بەڕێوەبرد.
وۆرکشۆپەکە سێ تەوەرى سەرەکى لە خۆگرتبوو، کە بریتیبوون لە (بنەماکانى بەبازاڕکردن و فرۆشتن، بەبازاڕکردنى کۆمەڵایەتى و، بەبازارکردنى ژمارەى لەماوەى مانگى ڕەمەزان) .
لە تەوەرى یەکەمدا، لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدى ساڵح) بەدورودرێژى باسى لە چەمگى بەبازاڕکردن و فرۆشتن و ئەو قۆناغانە کرد کە پڕۆسەى بەرهەمهێنان پیدا تێپەڕ دەبێ تا دەگاتە دەستى کڕیار، هەروەک باسى لە جیاوازى نێوان بەبازاڕکردن و فرۆشتن لە ڕووى چەمک و ناوەڕۆک کرد، بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە فرۆشتن بریتیە لە فرۆشتنى بەرهەم و موڵکێک لە کەسێک بۆ کەسێکى دیکە بەرامبەر بڕە پارەیەکى دیاریکراو، بەڵام بەبازاڕکردن بریتیە لە پرۆسەیەکى سترتیژى بۆ باوەڕپێهێنانى زۆرترین خەڵک لە پێناو کڕینى زۆرترین بەرهەم، ئەوەش لە میانەى پیادەکردنى کۆمەڵێک ئامراز و میکانزمى جۆرا و جۆر بەدى دێ.
لە تەوەرى دووەمى وۆرکشۆپەکەدا، لەلایەن مامۆستا (سەحەر جەلال فەتاح) باس لە بەبازاڕکردنى کۆمەڵایەتى کرد، بەئامانجى بەکارهێنانى ڕیکلام و هەڵمەتەکانى بەبازاڕکردن بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى بەبازاڕکردن لە ناو خەڵک و، دورکەوتنەوە لە ئەنجامدانى ڕەفتار و هەڵسوکەوتى نەرێنى وەک توندوتیژى خێزانى و ماددەى هۆشبەر و جگەرەکێشان و ئاڵودەبوون بەماددە هۆشبەرەکان.
لە تەوەرى سێیەم و کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر (بوشرى عەلى زەینەڵ) باسى لە بەبازاڕکردنى ژمارەیی لە مانگى ڕەمەزانى پیرۆز کرد، بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە لە مانگى ڕەمەزاندا زۆربەى زۆرى کۆمپانیاکان لە هەڵمەتەکانى بەبازاڕکردندا پەنا دەبنە بەر بەکارهێنانى هێما و نیشانەکانى مانگى ڕەمەزانى پیرۆز بۆ ساخکردنەوەى بەرهەمەکانیان و، ئاراستەکردنى کڕیاران بۆ کڕینى بەرهەمەکانیان، وتیشى ئەم پلانە ستراتیژییەى کۆمپانیاکان بەر لە هاتنى مانگى ڕەمەزانى پیرۆز دەست پێدەکات، لە قۆناغى دووەمیشدا کە لە مانگى ڕەمەزان بەڕێوەدەچێ بەکاربەران ئاراستەى کڕینى بەرهەمەکانیان دەکەن بەتایبەت لە دواى شکاندنى ڕۆژ و بانگى مەغریب، بۆ ئەوەش سوودى زۆر لە ئینتەرنێت وەردەگرن.
وۆرکشۆپەکە بەگفتوگۆیەکى ئەکادیمى و زانستى و ئاڵوگۆڕکردنى بۆچوونەکان و ئاراستەکردنى چەندین پرسیار لەبارەى تەوەرە جیاکان و بەدەستهێنانى وەڵامەکان کۆتایی پێهات