وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان ڕێزلێنان پێشکەشى سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان دەکات
لە بەرامبەر سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنى یەکەمین فیستیڤاڵى جیهان بۆ كورتە فیلمی مۆبایل بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان خەڵاتى ڕێزلێنانى پێشکەش بە سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان کرد.
د.سالار عوسمان بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە دیدارێکیدا، لەگەڵ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمینداریەتی زانكۆكانی جیهان ووتى: جێى ھەڵوەستە و قسەلێکردنە، کە زانکۆیەکی تایبەت، لە نێو ئەو ھەموو ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەی ناوچەکەی سیخناخ کردووە لە ناڕوونی، بێ و بیر لە فێستیڤاڵێکی لەو جۆرە بکاتەوە و دەستی گەنجەکانی وڵات بگرێت بەرەو ھونەر و کەلتوور، ھەم بیرکردنەوەکە، ھەم ھەنگاو و دەستگرتنەکە جێی دەستخۆشییە.
پاشان د.سالار عوسمان خەڵات و ڕێزلێنانى وەزارەتەکەى پێشکەش بە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمینداریەتی زانكۆكانی جیهان کرد، لە بەرامبەردا سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان سوپاسى خەڵات و ڕێزلێنانەکەى وەزارەتى کرد و، دوپاتیکردەوە زانکۆکانى جیهان بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنى خزمەت بەسەرجەم چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە.
یەکەمین فێستیڤاڵی جیهان بۆ کورتە فیلمی مۆبایل بۆ ساڵی 2022 ، کە لەلایەن بەشی فیلمسازی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆکانی جهان بەناوى خولی (زانیار عەدنان شاناز) لە ڕۆژانى (2-3/9/2022) لە ئیمپایەر سینەما فامیلی مۆڵ لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، کە (15) کورتە فیلمى تێدا نمایش کرا، کورتە فیلمەکان لەلایەن فێرخوازانى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەولێرى پایتەخت بەمۆبایل بەرهەمهێنرابوون، لە ئەنجامدا (6) خەڵات بەسەر باشترینەکان دابەشکرا.