پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان)، بەخستنەڕووى کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیاز کۆتایی بەکارەکانى هێنا
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٦-٧/٣/٢٠٢٤)؛ بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی، زانكۆی جیهان – ههولێر بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا و، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی بابل لە عێراق و، بەئامادبوونى نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، پارێزگارى هەولێر و، ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان)یان بەڕێوەبرد و، بە خستنەڕووى کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیاز؛ کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.
لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (140) توێژینەوە لەبە ڕۆشنایی شەش تەوەرى جیاواز، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکان، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٧/٣/٢٠٢٤)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بە گرنگیەوە ئاماژەى بە تەوەرەکانى کۆنفرانس و ناوەڕۆکى توێژینەوەکان کرد و، وتى: ناوەڕۆکى زۆربەیان مۆدێرن و گونجاو بوون لەگەڵ بوارى تەندروستى و پزیشکى سەردەمی ئێستا و داهاتوو.
لە کۆتایی وتەکەشیدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینى تایبەت ئاراستەى هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لەماوەى ڕابردودا بۆ سەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا بەهاوبەشى کاریان کردوە، بەتایبەت هاوبەشەکانیان لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا و، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی بابل لە عێراق، هاوکات سوپاسى لێژنەکانى (زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس)ى کرد، کە لە ماوەى شەش مانگى ڕابردودا کارى بێ وچانیان کردوە، هەروەها سوپاسى لێژنەکانى (کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیاى زانیارى، پێشوازى و ڕێکخستنى هۆڵەکانى کۆنفرانس) و، سەرجەم توێژەران و مامۆستایانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کردوە.
پاشان دکتۆر ئامینە سەباح سەرۆکى بەشى بایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەرئەنجام و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس خوێندەوە و، وتى: لە ماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا چەندین بابەت لە بوارەکانى (پزیشکی ددان، دەرمانسازی، مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی، بایۆلۆجیای گەردیلەیی، جینات، تا پزیشکی کلینیکی و تەندروستی گشتی) خرانەڕوو کە چەندین خاڵ و بابەتى گرنگى بۆ باشترکردنى دۆخى تەندروستى و پزیشکى لەلایەن توێژەرانەوە گەڵاڵە و پێشنیاز کرابوون.
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بڕوانامەى بەشداربوونى بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکەدا دابەش کرد و، کۆتایی بە بەکارەکانى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (بایۆلۆجى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان) هات، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.