فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان بە گەشتی زانستی لە کۆمپانیای BMC بوون
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٦ی ئازاری ٢٠٢٤)، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستیان بۆ کۆمپانیای وەرگێڕان و دۆبلاژکردنی بی ئێم سی ئەنجامدا.
لەو گەشتە زانستیەدا، کە بە سەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر عیماد الدین مەجید زەنری بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن جوتیار حسێن بەڕێوەبەری کۆمپانیای بی ئێم سی و، شابول عەبدوڵڵا ئەلسەید بەڕێوەبەری کارگێڕی و، ستافی تەکنیکی بی ئێم سی پێشوازییان لێکرا. لەسەرەتادا جوتیار حسێن کورتەیەکى لەبارەی کارکردنی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان چۆنیەتى دۆبلاژکردندا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی وەرگێڕان و بەشی وەرگێڕان کردەوە لە پرۆسەی گونجاندن بۆ شاشە، هەر لەو چوارچێوەیەدا باسى لە دۆبلاژکردنی فیلمەکان بە زمانی عەرەبی و کوردی و هەروەها پەخشکردنیان لە کەناڵە ئاسمانیەکان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکە و کارمەندان هاوەڵى فێرخوازانیان کرد بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بەو ئامرازانەى لە کارى وەرگێڕان بەکاریان دەهێنن، دواتریش فێرخوازان دەرفەتی چاودێریکردن و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دۆبلاژکردنەکەدا پێدرا، کە شانبەشانی ئەکتەرەکان لە ستۆدیۆ کارەکانیان بەڕێوەبرد.