فێرخوازانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی ئاشنایى نيوتريشن و دايەتێتکس دەکرێن
بەمەبەستى ئاشناکردنى فێرخوازان بەبابەتەکانى نيوتريشن و دايەتێتکس و، بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى فێرخوازان، فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر سمینارێکیان بۆ فێرخوازانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بەڕێوەبرد.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆر بەهناز شاروخسانى لە ئامادەیی جیهان، فێرخوازانى قۆناخى چوارەمى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس سمینارێکیان بۆ فێرخوازانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی ڕێکخست.
لە سمینارەکەدا، فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس دواى ناساندنى بەشەکەیان، بەگرنگیەوە باسیان لە گرنگى نيوتريشن و دايەتێتکس بۆ فێرخوازان کرد، لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا، فێرخوازان باسى کارى داهاتوى دەرچوانى بەشەکەیان کرد و، ڕونیان کردەوە دەرچوانى نيوتريشن و دايەتێتکس دەتوانن لە زۆربەى دامەزراوە جیاکانى بوارى تەندروستى و خۆراک کار بکەن لەوانە، نەخۆشخانەکان، بنکەکانى تەندروستى، کواڵیتى خۆراک و چەندین شوێنى دیکە.
هەر لە سمینارەکەیاندا، فێرخوازان باسیان لە ڕۆڵی تایبەتمەندی خۆراک و ڕۆڵی خۆراکناسان لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانى کۆمەڵگە بەتایبەت لە کارلێکى نێوان دەرمان و خۆراک و هەروەها دروستکردنی جۆری خۆراک بەتایبەت خۆراکى تەندروست و چۆنیەتى پاراستنى جەستە لە خۆراکە زیان بەخشەکان.
دوای پێشکەشکردنى بابەتەکان گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و ئامادەیی جیهان دەستپێکرد و، فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس وەڵامی سەرجەمی پرسیارەکانی فێرخوازانى پۆلى دوانزەى ئامادەییان دایەوە.
مەبەستى سەرەکى چالاکیە، جگە لە ئاشناکردن و هۆشیارکردنەوەى فێرخوازانى ئامادەیی بەبوارى خۆراک و نیوتریشن، لەهەمانکاتدا بۆ ڕاهێنانى فێرخوازانى بەشى (نيوتريشن و دايەتێتکس)ە بۆ چۆنیەتى ڕاهێنانیان بۆ هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە بەتایبەت دواى تەواوکردنى قۆناخەکانى خوێندن لە زانکۆ.