فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ بە چالاکییەکی مەیدانی یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەکەنەوە
بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١/٦/٢٠٢٦)، چالاکییەکی هۆشیاری و مرۆییان بۆ دڵخۆشکردنی منداڵانی شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکیە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) بەڕێوەچوو و، لە لایەن هەریەک لە فێرخوازان (میهرەبان سدیق ڕەحمان) لە قۆناغی سێیەم و (مینا مازن نەبی) لە قۆناغی چوارەمی بەشەکە جێبەجێ کرا. فێرخوازانی زانکۆ لە پارکی (گوڵکەند) لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری، ڕاستەوخۆ تێکەڵی ناو جەماوەر بوون و لەگەڵ منداڵان و خێزانەکانیاندا کاتێکی پڕ لە جۆشیان بەسەر برد. تیمی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر هەوڵیان دا لە ڕێگەی ئەم کارلێکە کۆمەڵایەتییەوە، هەستی هاوسۆزی و پشتیوانیی مەعنەوی بۆ منداڵان دووپات بکەنەوە و ئاسۆیەکی گەشیان لە ناو دڵیاندا وێنا بکەن.
لە میانی چالاکییەکەدا، فێرخوازان چەندین جۆر شیرینی و دیاریی جۆراوجۆریان بەسەر منداڵانی پارکەکەدا دابەش کرد، کە بووە مایەی دروستکردنی کەشێکی پڕ لە شادی و خەندە خستنە سەر لێوی منداڵەکان.. چالاکییەکە بە گفتوگۆ و ئاخافتنی دۆستانە لەگەڵ منداڵان و دایک و باوکان کۆتایی هات، کە تێیدا فێرخوازان توانییان وێنەیەکی جوانی خزمەتگوزاریی زانکۆیی لە ناو جەرگەی شاردا بەرجەستە بکەن و ڕۆژی جیهانیی منداڵان بە شێوازێکی شایستە و مۆدێرن بەرز ڕابگرن.
