
فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ سیمینارێکی هۆشیارکردنەوە دەربارەی سەلامەتی خۆراک و، خۆراکی تەندروست لە قوتابخانەی سێڤەری تێکەڵاو پێشکەشکرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 18/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی هۆشیارکردنەوەی تەندروستییان بە ناونیشانی «چۆن خۆمان لە خواردنی سەر شەقام و، خواردنە خێرا ناتەندروستەکان بپارێزین» لە قوتابخانەی سێڤەری تێکەڵاو بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆرە زەین فەتحوڵڵا زیفنکی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لە کاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازان لەلایەن ئەحمەد عەباس حەمەدئەمین بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و، مامۆستایان پێشوازییان لێ کرا.
خستنەڕووی مەترسیی خواردنی سەر شەقام:
لە میانەی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ چەندین بابەتى هۆشیارکردنەوەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، کە لایەنە جیاوازەکانی سەلامەتیی خۆراک، پاکوخاوێنیی کەسی و، خووە خۆراکییە تەندروستەکانیان لەخۆ گرتبوو.
بۆ ئەوەش موبینا شاخەوان لەسەرەتاى سمینارەکەدا خواردنی سەر شەقام و، مەترسییە تەندروستییە پێشبینیکراوەکانی خواردنی ئەو خۆراکانەی لە دۆخی ناتەندروستدا ئامادە دەکرێن بۆ قوتابیان باسکرد و، جەختی لەسەر گرنگیی هەڵبژاردنی خۆراکی سەلامەت کردەوە.
ڕێنمایییەکانی خۆراکی تەندروست:
هاوکات ڕووناک هونەر تیشکی خستە سەر گرنگی پاکوخاوێنیی خۆراک، دەستشوشتن بە شێوازە دروستەکەی پێش نانخواردن، داپۆشینی خۆراک و، دوورکەوتنەوە لە خواردنی ئەو خۆراکانەی بەر تۆز و، مێروو دەکەون.
زێدەڕەوینەکردن لە خواردنە خێراکان:
دواتر سومەیە کەمال زیانە تەندروستییەکانی زێدەڕۆییکردن لە خواردنە خێراکان، بەتایبەت بەرگر، پیتزا و، خواردنە سوورەوەکراوەکانی خستە ڕوو و، لەگەڵ ئاماژەکردن بە کاریگەرییە تەندروستییەکانی خواردنی خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەوری و، شەکرە.
لای خۆیەوە، سەحەر فورسەت کۆمەڵێک ڕێنماییی کرداریی بۆ پاراستنی خووە خۆراکییە تەندروستەکان پێشکەش بە قوتابیان کرد، کە بریتی بوون لە هەڵبژاردنی خۆراکی تازە و، باش کوڵاو، خواردنەوەی ئاوی پاک، زیادکردنی خواردنی میوە و، سەوزە و، پەیڕەوکردنی شێوازی خۆراکی تەندروستتر.
شێوازی دروستی دەستشوشتن:
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان نمایشێکی کردارییان دەربارەی شێوازی دروستی دەستشوشتن پێشکەش بە قوتابیان کرد و، ڕێکارە خۆپارێزییە پێویستەکانیان بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی میکرۆب و، نەخۆشییە گوازراوەکان لە ڕێگەی خۆراکەوە شیکردەوە.
کۆتایی:
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، شیرینی بەسەر قوتابییە بەشداربووەکاندا دابەش کرا، بۆ ئەوەش ئەحمەد عەباس حەمەدئەمین بەڕێوەبەری قوتابخانەی سێڤەری تێکەڵاو، مامۆستایان دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ ڕێکخستن و هۆشیاریکردنەوەى قوتابیان.



