
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ئاشناى میکانزمەکانى كەناڵی وار تیڤی لە دهۆك دەبەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغەكانی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ كەناڵی ئاسمانیی (وار تیڤی) ڕێكخست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن بەڕێز (یوسف ئەحمەد)، دەرهێنەر لە كەناڵی وار تیڤی، پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا و وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە زانستییە دەربڕی.
بۆ ئەو مەبەستەش یوسف ئەحمەد تیشكی خستە سەر پێگە و ناسنامەی دامەزراوەكەیان وەك تەلەفزیۆنێكی كولتووریی پێشەنگ لە كوردستاندا، كە بە بایەخدان بە كایەی فەرهەنگی و پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی ناسراوە، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە وار تیڤی وەك یەكەمین دەزگای میدیایی دادەنرێت كە نووسینگە و بارەگای سەرەكیی خۆی لە شاری دهۆك كردووەتەوە.
لە درێژەی بەسەركردنەوەكەدا، یوسف ئەحمەد باسی لە بەشی چاپەمەنیی دەزگاكە كرد و ڕوونیكردەوە كە لە چوارچێوەی بەرپرسیارییەتیی كولتووری و كۆمەڵایەتییاندا، ئەم بەشە هاوكاری و پاڵپشتیی دارایی پێشكەش بەو نووسەر و ئەدیبانە دەكات كە باری داراییان لەبار نییە بۆ چاپكردن و بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانیان.
دواتر فێرخوازان بەشە جیاوازەكانی باڵەخانەكەیان بەسەركردەوە، لەوانە: ژووری پەخش، بەشی مۆنتاژ، سۆشیال میدیا.هاوکات، لە ستۆدیۆ گەورە و پێشکەوتووەکانی دەزگاکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی هونەریی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان، فیلم و بەرهەمە درامییەکان بوون؛ هەروەها زانیاریی پێویستیان لەسەر چۆنیەتیی کارپێکردنی ئامێرە مۆدێرنەکانی دەنگ، سیستمی ڕووناکیی پێشکەوتوو و کامێراکانی وێنەگرتنی سینەمایی و تەلەفزیۆنی وەرگرت، لەگەڵ تێگەیشتن لە تێکنیکەکانی دەرهێنان و دابەشکردنی ڕۆڵی ستافی هونەری لە کاتی وێنەگرتنی بەرهەمە گەورەکاندا.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی دەرهێنەر (یوسف ئەحمەد) و تەواوی ستافی كەناڵی وار تیڤی كرا، لە بەرامبەر پێشوازیی شایستە و ڕەخساندنی دەرفەتێكی ئەكادیمیی گرنگ بۆ فێرخوازان بۆ ئاشنابوون بە تەكنیكە نوێ و هاوچەرخەكانی كاری تەلەفزیۆنی.



