
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی ئاژانسی خانی لە دهۆك دەكەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغەكانی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی (خانی) ڕێكخست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن بەڕێز (ئاشتی قاسم)، بەڕێوەبەری كاتی ئێوارانی ئاژانسی خانی، پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا؛ بۆ ئەوەش سەرەتا خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە ئەكادیمییە دەربڕی و بە كورتی باسی لە پەیام و ڕۆڵی ئاژانسەكەیان كرد لە ڕووماڵكردنی خێرای هەواڵە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەشێوازێكی پیشەیی و سەردەمیانە.
پاشان، بەڕێز (مەتین نادر)، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی خانی، فێرخوازانی بە تەواوی قۆناغەكانی درووستكردن و بەرهەمهێنانی هەواڵی ئاژانسی ئاشنا كرد؛ لەوانە شێوازی دەستكەوتنی زانیاری و سەرچاوەكان، داڕشتنەوەی هەواڵی بەپەلە، وەرگێڕان و مۆنتاژكردنی دەقی هەواڵ و بەڕێوەبردنی ناوەڕۆك لەسەر ماڵپەڕی فەرمی و پلاتفۆرمە جیاوازەكانی سۆشیال میدیای ئاژانسەكە بە شێوازێكی دیجیتاڵیی سەرنجڕاكێش.
فێرخوازانیش لە ڕێگەی سەرنج و پرسیارەكانیانەوە گفتوگۆی وردیان لەسەر تەكنیكەكانی پەیامنێری و هەواڵسازیی خێرا ئەنجام دا.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی بەڕێزان (ئاشتی قاسم) و (مەتین نادر) و تەواوی ستافی ئاژانسی خانی كرا، بۆ پێشوازیی شایستە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە بەسوودە بۆ بەهێزكردنی ئاستی مەیدانیی فێرخوازان.



