فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارى لە تاوتویکردنى پرسی بازاڕی ئۆنلاین لە بەرنامەی “لەگەڵ ڕەنج”دا دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (٣١/٥/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشەکانی (کارگێڕی کار) و (ڕاگەیاندن) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی “لەگەڵ ڕەنج” کرد، کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو پەخش کرا.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو، تەوەری سەرەکییەکەی تەرخانکرابوو بۆ باسی “بازاڕی ئۆنلاین”. لە بەرنامەکەدا بەبەشدارى کۆمەڵێک پسپۆر و بازرگان و شارەزایی بوارەکە و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولیر تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ئەم جۆرە بازرگانییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی تاکەکان بۆ بڕیاردانی دروست و ئاگادارانە لە کاتی کڕین و فرۆشتندا.
لە لایەکی دیکەوە، گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی کڕینی بەرهەمەکان بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدرا. هاوکات جەخت لەسەر جۆرەکانی فێڵکردن و هەڵخەڵەتاندن کرایەوە، کە ڕەنگە لەلایەن هەردوو لایەنی فرۆشیار و کڕیارەوە لە کاتی مامەڵەکردندا ڕووبدەن.
ئەم بەشدارییەی فێرخوازان، دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئاشنابوونی زیاتریان بە شێوازە نوێکانی بازرگانیی سەردەم و ریکلام و چۆنیەتی پاراستنی مافی کڕیار و فرۆشیار، بە ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی بازرگانیی متمانەپێکراو و دوور لە فێڵکاری.
