فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵەندا مۆزەخانەى مێژوویی شاهانە و تەلارسازیی ” کۆشکی پاشا” بەسەردەکەنەوە
لە بەردەوامى چالاکیە کەلتووری و مەیدانییە بەردەوامەکانی لە پۆڵندا، گرووپێک لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کە ئێستا بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (SGGW) لە وڵاتی پۆڵەندان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (١٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستی و کلتوورییان بۆ مۆزەخانەی کۆشکی پاشاى سێیەم (King Jan III’s Palace) لە ناوچەی ویلانۆڤ ئەنجامدا.
فێرخوازانی بەشداربوو پێکهاتبوون لە (کۆسرەت ئازاد خدر) فێرخوازی قۆناغی دووەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و (هێڤار هەژار محەمەد) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمێدیکاڵ کە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی جیهانیی (Erasmus+) و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا ڕەوانەی وڵاتی پۆڵەندا کراوە. فێرخوازان لە میانی بەسەرکردنەوەی ئەم کۆشکە مێژووییەدا، لە نزیکەوە لایەنى تەلارسازیی ناوازەی جۆری “بارۆک” و کۆمەڵە هونەرییە دەگمەنەکانی ناو مۆزەخانەکە بوون، کە گوزارشت لە قۆناغێکی گرنگی مێژووی شاهانەی پۆڵەندا دەکەن.
لە میانەی گەشتەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر چەندین بەشی جیاواز و گرنگیان بەسەرکردەوە، لەوانە ژوورە شاهانەییە تایبەتەکان کە بە نەخش و نیگاری زێڕین و تابلۆی دەگمەنی سەدەکانی ڕابردوو ڕازێنراونەتەوە، لەگەڵ گەلەریی شێوەکاری کە کۆمەڵێک تابلۆی مێژوویی جیهانیی تێدا نمایش کراوە. هەروەها فێرخوازان کاتێکیان لە ناو باخچە فراوان و ناوازەکانی دەوروبەری کۆشکەکەدا بەسەربرد، کە بە شێوازی باخچەسازیی ئیتاڵی و فەرەنسی دیزاین کراون و، بە یەکێک لە جوانترین شوێنە گەشتیارییەکانی پۆڵەندا دادەنرێن؛ ئەم بەسەرکردنەوەیە مەیدانییە بووە دەرفەتێکی نایاب بۆ فێرخوازان تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای وردەکارییەکانى ئەو شارستانییەتە بن کە لە بیناسازیی سەدەی حەڤدەیەمدا بەرجەستە کراوە و، وەک تێکەڵەیەک لە هونەر، مێژوو و ئەندازیاریی کلاسیک نمایشکراوە.
فێرخوازان ئاماژەیان بەوە کرد کە بینینی ئەم شوێنەوارە مێژووییانە و ئاشنابوون بە میراتی نەتەوەکانی تر، دیدێکی فراوانتریان پێ دەبەخشێت بۆ گۆڕینەوەی مەعریفی و کەلتووری.








