فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵەندا بەشداری لە یادی ٢١٠ ساڵەی دامەزراندنی زانکۆی “وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان ” دەکەن
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (١٦/٥/ ٢٠٢٦)، زانکۆى وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (SGGW) بە دروشمى ڕۆژانی زانکۆی وارشۆ (Dni SGGW 2026) فیستیڤاڵێکى زانستی و کەلتووریی وەک بەشێک لە مەراسیمەکانی یادی ٢١٠ ساڵەی دامەزراندنی زانکۆی وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (SGGW) ڕێکخست، کە یەکێکە لە دێرینترین و دیارترین ناوەندە ئەکادیمییەکانی وڵاتی پۆڵەندا و ئەوروپا.
لە میانی ئەم فیستیڤاڵە شکۆدارەدا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتیان بۆ ڕەخسا تا لە نزیکەوە ئاشنای هەمەچەشنیی ئەکادیمیی زانکۆی (SGGW) بن و بەشداری لە چەندین نمایش و تاقیکردنەوەی زانستیی جۆراوجۆردا بکەن. چالاکییەکە چەندین بڕگەی کەلتووری و فێرخوازانى لەخۆگرتبوو، کە ژینگەیەکی فرەکەلتووری و پڕ لە جۆش و خرۆشی بۆ فێرخوازان فەراهەم کردبوو، بەهۆیەوە فێرخوازان ڕاستەوخۆ ئاشنای ژیانی فێرخوازى و دابونەریتە ئەکادیمییە ڕەسەنەکانی ئەو وڵاتە بوون، جگە لەوەش فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای دوایین داهێنانەکان بوون لە بوارەکانی بایۆتەکنەلۆژیا، زانستی خۆراک و پاراستنی ژینگە. هاوکات هەر لە پەراوێزى فیستیڤاڵەکەدا فێرخوازانی زانکۆی جیهان لەگەڵ پڕۆفیسۆر و توێژەرانی پۆڵەندی گفتوگۆی زانستییان کرد و بە شێوەیەکی کردەیی بەشدارییان لە تاقیکردنەوە تاقیگەییە کراوەکاندا کرد کە بۆ جەماوەر نمایش دەکران. فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەرێگەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ هەزاران فێرخوازى تری زانکۆی وارشۆ و وڵاتانی جیاواز، دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ ڕەخساندن تا لە نزیکەوە ئاشنای کەلتووری ئەکادیمیی ٢١٠ ساڵەی زانکۆی (SGGW) پۆڵەندا بن.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر پێکهاتبوون، لە: (کۆسرەت ئازاد خدر و ڕەوا عەبدولستار جەبار) فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی، (عەبدوڵا موسەننا عەبدولڕەزاق و ئەحمەد جەبار حەسەن یوسف) فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس و، (هێڤار هەژار محەمەد) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمێدیکاڵ. جێی ئاماژەیە، فێرخوازان (ئەحمەد جەبار و هێڤار هەژار) لە چوارچێوەی پڕۆگرامی جیهانیی (Erasmus+) و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا ڕەوانەکراون، ئەوانى دیکەش لە چوارچێوەى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى زانکۆی وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان لەو وڵاتەن بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن.








