فێرخوازێکی بەشى بایۆمیدیکاڵ گرنگیی”خولیای کەسی” بۆ پەرەپێدانی خود بۆ قوتابیان ڕوون دەکاتەوە
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦)، فێرخواز (ناز منزر موزەفەر) لە قۆناغی چوارەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و پەروەردەیی بۆ قوتابخانەی جیهان ئەنجامدا.
لەم سەردانەدا، ئەو فێرخوازە سیمینارێکی سەرنجڕاکێشی بە ناونیشانی خولیاکان (Hobbies) پێشکەش کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی ئارەزووە کەسییەکان لە بەهێزکردنی تواناکانی مرۆڤ و باشترکردنی باری دەروونی و جەستەیی قوتابیان.
لە کاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن (مەحمود عیماد) بەڕێوەبەری گشتیی قوتابخانەی جیهان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا دەستخۆشی لەم جۆرە دەستپێشخەرییە ئەکادیمییانە کرد بۆ پەرەپێدانی ئاستی ڕۆشنبیریی قوتابیان. پاشان لە هۆڵی قوتابخانە و بە ئامادەبوونی قوتابیانی پۆلی یازدەیەم و دوازدەیەم ناوەڕۆکى سیمینارەکەى پێشکەش کرد؛ بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخواز ناز منزر بە وردی ڕوونی کردەوە کە چۆن پەیڕەوکردنی خولیاکان دەبێتە هۆی پەرپێدانی داهێنان، کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و باشترکردنی تەندروستیی مێشک، بەتایبەت بۆ ئەو قوتابیانەی لە ژینگەیەکی
ئەکادیمیی چڕدا دەخوێنن. بەشێکى دیکەى چالاکییەکە بە شێوەیەکی کارلێکەر بەڕێوەچوو، کە تێیدا قوتابیان بە پەرۆشییەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد و ڕا و سەرنجی خۆیان دەربارەی خولیا جیاوازەکان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی قوتابخانە سوپاسی فێرخواز ناز منزری کرد بۆ ئەو زانیارییە بەنرخانەی پێشکەشی کردن و، جەختی کردەوە کە دابینکردنی هاوسەنگی لە نێوان خوێندن و ئارەزووە کەسییەکان کلیلی سەرکەوتنی گەنجانە لە داهاتوودا.







