فێرخوازێکی بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى ڕۆژمێری ڕەمەزان دابەش دەکات و هۆشیاری دەربارەی سەلامەتی خۆراک بڵاو دەکاتەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥ی ئازاری ٢٠٢٦)، سۆز سەرچڵ شەفیق فێرخوازى قۆناغى یەکەمى بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی هۆشیاریی مەیدانیی لە بازاڕی “هەولێر ستریت” ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە کە بە بۆنەی نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بوو، لە میانی چالاکییەکەدا، فێرخواز (سۆز سەرچڵ شەفیق) ڕۆژمێری تایبەت بە مانگی ڕەمەزانی بەسەر هاوڵاتیان و دوکاندارانی بازاڕەکەدا دابەش کرد، هاوکات ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی ڕێکارەکانی سەلامەتی خۆراک لە کاتی ئامادەکردن و کۆگاکردنی ژەمەکان لە مانگی ڕۆژوودا پێشکەش کردن. ڕێنماییەکان جەختیان لەسەر پاراستنی پاکوخاوێنی لە کاتی ئامادەکردنی پارشێو و بەربانگ، ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی خۆراکی خاو و کوڵاو (Cross-contamination)، و ڕەچاوکردنی پلەی گەرمی گونجاو بۆ هەڵگرتنی خۆراک کردەوە، تاوەکو ڕێگری بکرێت لە گەشەی وردەژیندەوەرە زیانبەخشەکان وەک سالمانێلا (Salmonella spp) و ئیشێریکیا کۆلای (E. coli) کە هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە خۆراک.
فێرخوازەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوڵاتیان گفتوگۆى کرد و، وەڵامی پرسیارەکانیانی دەربارەی شێوازی مامەڵەکردنی سەلامەت لەگەڵ خۆراک و ناسینەوەی نیشانە سەرەتاییەکانی تێکچوونی خواردن دایەوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ژەهراویبوونی کتوپڕ. لە کۆتاییدا، هاوڵاتیان و سەردانیکەرانی بازاڕەکە دەستخۆشییان لەم هەنگاوە زانستی و هۆشیارییەی فێرخوازەکەى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو زانیارییە تەندروستییانە دەربڕی کە یارمەتیدەر دەبن بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی لە مانگی ڕەمەزاندا.







