زانکۆی جیهان-هەولێر؛ دەرفەتێکی ناوازەی خوێندن لە وڵاتی پۆڵەندا بۆ فێرخوازانی ڕادەگەیەنێت
لە چوارچێوەی پڕۆگرامە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی، سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر دەرفەتێکی زێڕین بۆ فێرخوازانی ئارەزوومەند ڕادەگەیەنێت تاوەکو بۆ ماوەی وەرزێکی تەواوی خوێندن (کۆرسێکی پێنج مانگی) لە زانکۆ دێرینەکانی وڵاتی پۆڵەندا درێژە بە خوێندن بدەن.
ئەم دەرفەتە تایبەتە بە خوێندنی کۆرسی زستانە (Winter Semester)، هەربۆیە ئەو فێرخوازانەی کە وەردەگیرێن، لە جیاتی خوێندنی وەرزی یەکەمى ساڵى داهاتویان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لە زانکۆی لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (Warsaw University of Life Sciences) لە پۆڵەندا دەخوێنن. بەجۆرێک خوێندنەکەیان لە مانگی (10)ی ساڵی (2026) دەست پێ دەکات و تاوەکو مانگی شوباتی (2027) بەردەوام دەبێت. ئەمەش دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ئاشنابوون بە سیستمی خوێندنی ئەوروپی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کارامەیی زمانەوانی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا.
سەبارەت ڕێکارەکانی پێشکەشکردن و وەرگرتن؛ فێرخوازانی ئارەزوومەند پێویستە لە نزیکترین کاتدا سەردانی سەرۆکایەتی بەشە زانستییەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی ناونووسین، پاش قۆناغی ناونووسین، چاوپێکەوتنی زانستی لەگەڵ فێرخوازان ئەنجام دەدرێت، ئینجا لەسەر بنەمای لێهاتوویی و ئەنجامی چاوپێکەوتن، ناوی فێرخوازە هەڵبژێردراوەکان بۆ گەشتەکە زانستیەکە دیاری دەکرێت.
ڕەوانەکردنى فێرخوازان بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW) بەشێکە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی (MoU) واژۆکراوی نێوان هەردوو زانکۆ بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان هەردوو زانکۆ، کە بەهۆیەوە لە ساڵانى ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر چەند گروپێکى فێرخوازانى بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەى زانکۆى (SGGW) کردوە.
تێبینییە گرنگەکان:
- دوا مۆڵەت بۆ ناونووسین و پێشکەشکردن ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (2026/5/20) دەبێت.
- بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر، فێرخوازان دەتوانن سەردانی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە سەرۆکایەتى زانکۆ باڵەخانەى ژمارە (5) بکەن.





