سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان لەگەڵ بەشەکانى ئەندازیاى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوە
بەمەبەستى پتەوکردنى ئاستى پەیوەندییەکانیان و، پێگەیاندنى کادرى ئەکادیمى لە بوارى ئەندازیارى بۆ بازاڕى کار، وەفدێکى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢/٣/٢٠٢٢) وەفدێکى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان بەسەرپەرشتى ئەندازیارى ڕاوێژکار (سەڵاحەددین فەخرەدین) بەڕێوەبەرى گشتى ئەنجومەنى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایى لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى بەشەکانى ئەندازیارى (شارستانى، تەلارسازى و ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك) و ستافى زانستى بەشەکان کۆبونەوە.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى وەفدى سەندیکاى ئەندازیاران کورتەیەکى لەبارەى مەیدانى کارکردنى ئەندازیاران و ژینگەی پیشەیی و ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگاریانە کرد، کە ڕوبەڕوى ئەندازیاران دەبێتەوە، هەروەک باسى لە میکانزم و پێداویستیەکانى ئەندامیەتى لە سەندیکاکە بۆ ئەو فێرخوازانەش کرد، کە لە کۆبونەوەکە ئامادەبوون.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، باسى لە ڕۆڵی سەندیکاکەیان لەبوژانەوەى ژێرخانى هەرێمى کوردستان و سروشتی ئەو خزمەتگوزارییانە کرد، کە سەندیکاکەیان پێشکەشی ئەندازیارانى ئەندام بەتایبەت و کۆمەڵگە بەگشتى دەکات.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى گرنگى پەرەپێدان بەتواناى زانستى ستافى زانستى بەشەکانى ئەندازیاران کرا، بەشێوەیەک ڕەنگدانەوەى ئەرێنى لەسەر سیستمى خوێندن و دەرچوان هەبێ، هاوکات گرنگى پڕۆگرامەکانى خوێندن بەپێی پێویستی بازاڕی کار و بەهێزکردنی تواناى ڕاهێنان بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە لەجیهاندا ڕوو دەدات چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بوو.