فێرخوازانى ئەندازیاری تەلارسازی بەنداوی گۆمەسپان بەسەر دەکەنەوە
رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (25/9/2022) سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم رێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر سەنا محەممەد عومەر، بۆ پڕۆژەی دروستکردنى بەنداوی گۆمەسپان لە پارێزگاى هەولێر ئەنجامیاندا، فێرخوازان پڕۆژەی دروستکردنى هۆتێلێکى گەشتیاریان بەسەرکردەوە، کە ئەشێ لە داهاتوودا بەهۆی سروشتی شاخاوی و دیمەنی سەرسوڕهێنەر ناوچەکە ببێتە ناوچەیەکى گرنگى گەشتیارى.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن عەبدوڵا گەردی و تیمی ئەندازیاری كۆمپانیاكە پێشوازییان لێکرا، بەشێوەیەکى مەیدانى پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوە و، زانیارى تەواویان لەبارەى پڕۆژەکە و چۆنیەتى جێبەجێکردنى و هەنگا و قۆناغەکانى پڕۆژەکەیان بۆ فێرخوازان باسکرد، ئەوەشیان ڕونکردەوە پڕۆژەکە بەهۆى هەڵکەوتەى دەبێتە شوێنێکى گەشتیارى گرنگ، ئەوە جگە لەوەى لەوبارى ئاو و لایەنى کشتوکاڵى سودێکى گرنگ بەناوچەکە و پارێزگاى هەولێر دەگەێنێ.
هەر لە میانەى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکەدا، فێرخوازان ئەو شوێنانەیان بەسەرکردەوە، کە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنى هۆتێل، بۆ ئەوەش ئەندازیارانى سەرپەرشتیار باسیان لە تۆپۆگرافیای زەوییەکە و جۆری خاکەکە و ڕێگەکانی پاراستنی بەنداوەکە لە داڕمان کرد، کە بەهۆی بەرزی ئاستی ئاوەوە لە زستاندا دروست دەبێت.
ئامانج لە هەڵبژاردنی ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەى بابەتى (Architectural Design) بۆ ئاشناکردنى فێرخوازانە بەچۆنێتی دیزاینکردنی باڵەخانە لە بناری شاخەکان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەری گونجاوی بیناسازی بۆ ئەو گرفتانەى لە کاتى جێبەجێکردن ڕوبەڕوى ئەندازیاران دەبێتەوە.