فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى سەردانى خاچى سور دەکەن
لە بەردەوامى چالاکیە زانستى و مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بۆ فێرخوازان لە قۆناخە جیاکانى ڕێکى دەخات، سەردانێکى زانستى بۆ خاچى سور ڕێکخست.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١٧/٤/٢٠٢٢) فێرخوازانى قۆناخى سێیەم لەبەشى چارەسەرى سروشتى بەسەرپەرشتى دکتۆر مصطفى فاضل عباس لە شارى هەولێر سەردانى بنکەى ڕێکخراوى خاچى سورى نێودەوڵەتیان کرد.
لە میانەى سەردانە زانستیەکەیاندا، فێرخوازان بەشە جیاکانى بنکەى ڕێکخراوەکەیان بەسەرکردەوە بەتایبەت بەشى پەلى دەستکرد، بۆ ئەوەش لە نزیکەوە فێرخوازان ئاشناى چۆنیەتى دروستکردنى پەلەکانى دەستکرد و پەیوەستکردنى و بە جەستە بون، لەهەمانکاتدا ئاشناى چۆنیەتى ڕاهێنانە وەرزشیەکان کران، ئەوە جگە لە ئاشناکردنیان بەلایەنى پرۆتۆکۆلی سەنتەرەکە و چۆنیەتی دابەشکردنی نەخۆشەکان بەسەر بەشە جیاوازەکان.
سەردانە زانستیەکە بوە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان و، برەودان بەئاستى زانستیان بەشێوەیەکى پراکتیکى، ئەوەش لە ڕێگەى بینین و بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکانى سێنتەرى ڕێکخراوى خاچى سورى نێودەوڵەتى لقى هەولێر.