فێرخوازانى تەلارسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر چۆنیەتى نۆژەنکردنەوەى باڵەخانە مێژوییەکان بەسەردەکەنەوە
بۆ ڕاهێنان و ئاشناکردنى فێرخوازان لە چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ باڵەخانە مێژوییەکان و، نۆژەنکردنەوەیان بەشێوەیەکى ئەندازیارى، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە چوارچێوەى وانەى (نۆژەنکردنەوەی بیناسازی) گەڕەکێکى مێژوییان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢/١٠/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر ڕەشید حەمەد ئاسامەڕایی، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی پێنجەمی بەشی تەلارسازی، لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى گەڕەکى (خانەقا)یان لە شارى هەولێر کرد و، بەگەیشتنیان لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار دابەشى سەر سێ گروپ کران و، ئەرکى تایبەتى هەر گروپێکیش دیاریکرا.
گروپی یەکەم کاریان لەسەر بە کارهێنانی زەوی باڵەخانە جیاوازەکانی گەڕەکەکە کرد، هەروەک گروپى دووەم کاریان لەسەر لایەنى بەرزى چەند باڵەخانەیەک کرد، لە هەمان کاتدا گروپی سێیەمیش کاریان لەسەر باری فیزیکی و بەهای تەلارسازى بینا جیاوازەکان کرد.
فێرخوازان دواى ئەنجامدانى کارەکانیان و تۆمارکردنى وێنەى جیاواز لە گۆشەى جۆراوجۆر بەپێى ئەرکەکانیان، پاشان لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتیار گفتوگۆ لەبارەى کڕۆکى بابەتەکەیان دەکەن و، ئەزمونێکى نوێ دەخەنە سەر ئەزمونى ماوەى خوێندنیان لە زانکۆى جیهان-هەولێر.