
فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی چالاکییەکی زانستی و هۆشیاری لە ئامادەیی کوردستانى کوڕان بەڕێوەدەبەن
- Categories کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تشرینی یەکەم 15, 2026
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 11/10/2026، ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان–هەولێر بە سەرپەرشتیی ماملی حەمە عەبدوڵڵا یاریدەدەرى تاقیگە سەردانی ئامادەییی کوردستانی کوڕانیان کرد.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن لەلایەن وشێـار موستەفا عەباس، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ئینجا فێرخوازانى کۆلێژى دەرمانسازى بابەتێکی هاوبەشیان پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا ئارین ئەیووب عارف وێنەیەکی گشتی لەبارەی زانکۆی جیهان و بەشە ئەکادیمییەکانی پێشکەش کرد و، بە ورى باسى لە کۆلێژی دەرمانسازی، بەرنامەی خوێندن و تاقیگەکانی کرد. هەروەها ڕوونکردنەوەیەکی وردى لەبارەی ژیانی زانکۆیی دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی پێشکەش بە قوتابیان کرد، بۆ ئەوەش هانی قوتابیانی دا بۆ بەدیهێنانى ئامانجە ئەکادیمییەکانیان و کۆششی بەردەوام بکەن.
لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، ئاریز وەهید حسێن ئەزموونی خۆی وەک یەکێک لە دەرچووانی قۆناغی ئامادەیی خستەڕوو، بە تیشکخستنەسەر گرنگیی خوێندنی بەردەوام، دیسپڵین و بەڕێوەبردنی کات بە کارایی. هەروەها قوتابیانى ئاشنای چەندین ستراتیژیی خوێندن کرد، لەوانەش تەکنیکی پۆمۆدۆرۆ (Pomodoro) کە پشت بە خوێندن بۆ ماوەی 25 خولەک دەبەستێت و، دواتر 5 خولەک پشوو وەردەگیرێ، ئەوەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی تەرکیز و باشترکردنی بەرهەمداریی خوێندن.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەدا هەردوو فێرخواز ئاری مەجید عەلی و لاوەند صافین عزیز باسیان لە پسولەکانى بوارى دەرمانسازى کرد، کە وەک یەکێک لە شێوازە دەرمانسازییەکان پێناسە کرد، دواتریش پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانیان شیکردەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆسەیی بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتیی پڕکردنەوەی بەرگە کەپسولەکان.
لە کۆتایشدا کورتەیەکیان لەبارەی نەخۆشیی شەکرە پێشکەش بە قوتابیان کرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بە میکانزمەکانى پێوانی ئاستی شەکرەی خوێن بە بەکارهێنانی ئامێری پێوانی گلوکۆز خستەڕوو.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازانی بەشداربوو سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و دەستەی مامۆستایانى قوتابخانەکە کرد بۆ پێشوازیی گەرم و هاوکارییان لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو چالاکیەدا.



