فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەغداد بەشدارى لە وۆرکشۆپێکى تایبەت بە کەسانى خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کرد
ئاوێتەکردنى کۆمەڵایەتی کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی لە کۆمەڵگە ڕێگەی بەشداریکردنیان لەگەڵ کەسانی ئاسایی بۆ بەدەستهێنانی قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە مانەوەی تواناکان و پەرەپێدانیان بۆ ژیانێکی باشتر؛ یەکێکە لە پرۆگرامە سەرەکیەکانى یونسیف، بۆ ئەو مەبەستەش لە شارى بەغداد وۆرکشۆپێک بەڕێوەچوو.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە ڕێکخراوى یونسیف بەهاوکارى وەزارەتى وەرزش و لاوان ڕێکیخستبوو، کۆمەڵێک لە شارەزایان و کەسانى پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکان بەشداریان تێدا کردبوو، هەروەک (هاجەر کەنعان) کە فێرخوازى بەشی چارەسەری سروشتیە لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک شارەزاییەکى بوارەکە بەشداری تێدا کرد، لە وۆرکشۆپەکە گفتوگۆ لەبارەى ڕاهێنانی تواناسازی کەسانى خاوەن پێداویستی تایبەت لە عێراق کرا بەئامانجى تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگەی عێراق بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونە جیهانیەکان تا ئەوانیش وەک هەر هاوڵاتیەکى ئاسایی لە هەموو شوێنێکدا بتوانن ژیانێکی سەلامەت بژین و، هەست بە ئامادەبوون و بەهای خۆیان بکەن و، لەگەڵ کەسانى ئاسایی لە هەموو خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان، کولتوورییەکان، کات بەسەربردنەکان، وەرزشییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکەدا بەشدار بن و مافەکانیان مسۆگەر بکرێ.
بەپێى بەدواداچونەکانى کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا، کە سەر نەتەوە یەکگرتووەکانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان یەکێکن لە گەورەترین و پەراوێزترین گروپە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتانى عەرەبی. دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن و پاراستنی کۆمەڵایەتی و هەلی کار سنووردارە و لە هەموو گروپێکی کۆمەڵایەتی دیکە زیاتر بەرەوڕووی کێشەی تەندروستی و هەژاری دەبنەوە.