فێرخوازێکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵەندا کەلتوور و مێژووی کوردستان بە فێرخوازانی وڵاتان دەناسێنێت
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی لە وڵاتی پۆڵەندا، لە زانکۆی وۆچ (University of Lodz) چالاکیەک بۆ فێرخوازانى نەتەوە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازێکی زانکۆی جیهان-هەولێر باسى لە کەلتوور و مێژووی کوردستان کرد.
(ئەلەند شێرزاد ئیبراهیم) فێرخوازى قۆناغی دووەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لە ئێستادا لە چوارچێوەى پرۆگرامی ئالوگۆڕى فێرخوازان لە (زانکۆى وۆچ)ە بەشدارى لەو چالاکییە کلتوورییە کرد، کە بە ناونیشانی “ناساندنی وڵات” بۆ ئاشناکردنی فێرخوازانی نێودەوڵەتی بە ناسنامە، مێژوو و کەلتوورە جیاوازەکان بەڕێوەچوو.
بۆ ئەو مەبەستە و لە میانی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا، ئەلەند شێرزاد وەک فێرخوازێکی کوردى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک زانیاریی وردی دەربارەی مێژووی دێرین و دەوڵەمەندیی فەرهەنگیی کوردستانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. هاوکات جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی، جۆرەکانى هەڵپەڕکێ و جۆرەکانی خواردنی کوردەوارى بە ئامادەبوان ناساند، جگە لەوەش ئامادەبوانى ئاشنای چەندین وشە و دەستەواژەی بنەڕەتیی زمانی کوردی کرد. ئەوەش بووە مایەی سەرەنج ڕاکێشانی بەشداربووان لە وڵاتانی جیاواز، کە تێیدا لە نزیکەوە ئاشنای دابونەریت و بەها مرۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بوون. چالاکییەکە بووە دەرفەتێکی گرنگی بۆ گفتوگۆی نێوان کەلتوورەکان و ئاڵوگۆڕی مەعریفی و، بەهێزکردنی گیانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
ئەلەند شێرزاد خۆشحاڵى خۆى پیشاندا، کە توانیویەتى وەک فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر نوێنەرایەتیکى شایستەی کوردستان بکات و، نەریت و ڕەسەنایەتی نەتەوەکەی لە ناو دڵی ئەوروپادا بە نەتەوە جیاوازەکان بناسێنێت و، لە کایە ناوەندێکى زانستى نێودەوڵەتییەکاندا وێنەیەکی جوانی کوردستان و ناوەندە ئەکادیمیەکەى نیشانی فێرخوازانى نێودەوڵەتى بدات.








