لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە خۆپاراستن و شێوازەکانی زوو دەستنیشانکردنى شێرپەنجەی مەمکی کرا
وەک بەشێک لە چالاکییە ساڵانەیەکانی بەشەکە لە مانگی ئۆکتۆبەر، کە ناسراوە بە ئۆکتۆبەری پەمەیی، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٤/١٠/٢٠٢٤) سەرۆکایەتى بەشی بایۆمێدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێکی لەبارەى هۆشیاری شێرپەنجەی مەمکی بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەکەدا، کە لە هۆڵى (VIP) لە ناو کەمپی زانکۆی جیهان – هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان لە بەشە جیاوازەکان بەڕێوەچوو؛ دکتۆر سوزان هۆشیار قادر بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجەی مەمکی هەولێر تیشکى خرایە شێرپەنجەی مەمک و چۆنیەتى خۆپاراستن و شێوازەکانی زوو دەستنیشانکردن، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا تێڕوانینێکی وردی سەبارەت بە چۆنیەتی گەشەکردنی شێرپەنجەی مەمک خستە روو، پاشان باسی لەو تێڕوانینە هەڵە باوەکان کرد ، کە سەبارەت بە نەخۆشییەکە لە نێو کۆمەڵگەدا باوە، وەک ئەوەى هەندێک کردەوەی ڕۆژانە ڕەنگە ببنە هۆی شێرپەنجە. لە بەشێکی دیکەى گرنگی باسەکەیدا، بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجەی مەمکی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، کە پیاوانیش بەدەرنین لە شێرپەنجەی مەمک، ڕایگەیاند: ساڵانە ژمارەی حاڵەتەکان لەنێو پیاواندا زیاد دەکات.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، سەرۆکایەتى بەشی بایۆمێدیکاڵ بڕوانامەی ڕێزلێنان لە لایەن پرۆفیسۆر دکتۆر میرزا حەمزە حمادی پێشکەش بە دکتۆر سوزان هۆشیار قادر کرا، هەروەها قەڵغانی رێزلێنانی زانکۆ لە لایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر محسن حمیدی عبید پێشکەش بە بەرێزیان کرا، ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک لە بەرانبەر بەشداریکردنیان لە چالاکییەکەدا.
ئەم وۆرک شۆپە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەشەکە بۆ بەرەوپێشبردنی هۆشیاری تەندروستی، لە مانگی ئۆکتۆبەری پەمەیی کە کاتێکی تایبەتە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و هاندانی چاودێری خۆپارێزی. بەشی بایۆمێدیکاڵ ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەر بۆنەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات بۆ پشتگیریکردن لە بۆ هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک کە چالاکیەکی جیهانیە، پابەندبوونی خۆی بۆ پەروەردەی تەندروستی بۆ کۆمەڵگە دووپات دەکاتەوە.