بەشى کارگێڕى کار بازنەى کارە کۆمەک بەخشەکانى فراوانتر دەکات
بۆ نۆژەنکردنەوەى قوتابخانە جیاکان لەسەرجەم ئاستەکان و، لە چوارچێوەى کارە کۆمەک بەخشەکانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر و بۆ نۆژەنکردنەوەى ژێرخانى قوتابخانەکان لە پێناو پەروەردەکردنى فێرخوازێکى کار لە ژینگەى ئارام بۆ داهاتوو، ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٧/١٢/٢٠٢١) بەسەرپەرشتی دکتۆر قوسەی حەمید ئەلسەلامی و مامۆستاى یاریدەدەری محەمەد سابر جامی و مامۆستاى یاریدەدەری بوشرا عەلی زەینەل بەیاوەری کۆمەڵێک لە فێرخوازانى قۆناخە جیاکانى خوێندن لە بەشى کارگێڕى کار، ئامادەیی (شەهید خەجە باوە)ى کچانیان لە گەڕەکى زانکۆ بەسەرکردەوە.
مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا شیریهان فەرهاد سەعید بەڕێوەبەرى ئامادەیی (شەهید خەجە باوە)ى کچان پێشوازیان لێکرا، سەرجەم هۆڵەکانى خوێندن و، تاقیگەکانى فیزیا، کیمیا، زیندەزانى و، هۆڵى کۆبونەوەکان و، گۆڕەپان و ڕاڕەو و ژورى مامۆستایانیان بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا، مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بەوردى پێداویستى و کەموکوڕى و گرفتەکانى ئامادەییەکەیان دەستنیشانکرد، بەشێوەیەک ئامادەییەکە کۆمەڵێک کەموکوڕى هەبوو بەتایبەت لە بوارى ڕوناکى و خراپى دەرگا و پەنجەرە و دەستشۆرەکان و، پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى تاقیگەکانى فیزیا، کیمیا، زیندەزانى و ڕێکخستنەوەیان بەشێوەیەکى زانستى.
واش بڕیارە لە قۆناغەکانى داهاتوودا، لێژنەى پەیوەندیدار بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کار دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەى ئامادەییەکە و دابینکردنى کەلوپەل و پێداویستیەکانى ئامادەیی (شەهید خەجە باوە)ى کچان.