بەشی کارگێڕى کار سەردانی یەکێک لە کۆمپانیاکانى خزمەتگوزاری بیناسازى و بازرگانی گشتی ڕێکدەخات
بۆ لەنزیکەوە ئاشنابون بەکارى کۆمپانیاکان و دامەزراوە جیاکان، بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى سەردانە مەیدانیەکان بۆ فێرخوازەکانى.
لەو چوارچێوەیەدا، لە ڕێکەوتى (١/١١/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستایانى یاریدەدەری (بوشرا عەلی زەینەڵ) و (لەیلا بەهجەت شەریف) فێرخوازانى قۆناغى سێیەم سەردانى کۆمپانیای (Spark) بۆ بازرگانی گشتی خزمەتگوزاری بیناسازى کرد.
فێرخوازان لە وێستگەى یەکەمى سەردانەکەیاندا، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکانیان لە کۆمپانیاکە بەسەرکردەوە و، لەلایەن لە ئەندازیاری کۆمپانیا (محەمەد ماجد کۆیی) کورتەیەک لەبارەى کۆمپانیاکەیان و، ئەو ئاڵنگارى و گرفتانە کرد، کە ڕووبەڕووى کۆمپانیا گەورەکان دەبێتەوە بەتایبەت لە دامەزراندنى فەرمانبەر و کارمەندى تازە، وتیشى کارى سەرچاوە مرۆییەکان لە کەرتى تایبەت زۆر جیاوازە لە کارى سەرچاوە مرۆییەکان لە کەرتى گشتى، چونکە لە کەرتى تایبەت پێویستە بەڕێوەبەرى سەرچاوە مرۆیەکان بەردەوام چاودێرى و هەڵسەنگاندن بۆ کارمەندەکان و تواناى کارکردن و بەرهەمەکانیان بکات.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، گفتوگۆ لەبارەى گرنگى دامەزراندنى کارمەندى بەئەزمون و خاوەن بڕوانامەى نێودەوڵەتى کرا، بەتایبەت هەڵگرانى بڕوانامەى (CMA) لە ژمێریارى و، بڕوانامەى (AHR) و(PHR) لە سەرچاوە مرۆییەکان. لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا ئاشناى گرنگى کارمەندى فرۆشتن و پێویستى خولى ڕاهێنان بۆ فەرمانبەران و کارمەندان کرا، لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستى شارەزاییان و بەدەیهێنانى ئامانجە باڵاکانى کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان.
سەردانەکە، بەخستنەڕوى بەرهەمى کۆمپانیاکە و، چەندین پرسیارى فێرخوازان لە بارەى چۆنیەتى بەبازارکردنى بەرهەمەکانیان و، نوێکردنەوەى بەرهەمەکانیان و شێوازى کارکردن لە کۆمپانیا کە ئاراستەى سەرپەرشتیارانى کۆمپانیاکە کرا، کۆتایى پێهات، سەردانەکەش بوە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان.