فێرخوازانى بەشى شیکارى بايۆکیمیایی پزیشکى کارگەیەکى ماست و بەرهەمە شیرییەکان بەسەردەکەنەوە
بۆ ئاشنابوون بەهەنگاو و چۆنیەتى بەرهەمهێنانى ماست و بەرهەمەکانى شیر، سەرۆکایەتى بەشى شیکارى بایۆکیمیایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازەکانى ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتەدا، کە ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٣٠/ ٣/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (بان عەبدوڵلا محەمەد) فێرخوازانى قۆناغى دووەم کارگەى (دەلبا) بۆ ماست و بەرهەمە شیرییەکانیان لەشارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەکەیاندا، سەردانى بەشەکانى کۆنتڕۆڵ و دڵنیایی جۆرى بەرهەمهێنان و تاقیگەى مایکرۆبایەلۆجى کارگەکەیان کرد و ئاشناى ڕێنماییە پێویستەکانى بەرهەمهێنانى بەرهەمەکانى شیر بوون، هەروەک ڕێوشوێنەکانى هەڵسەنگاندن و خاوێنکردنەوە بەتایبەت لە میکرۆب، كلۆستريديوم، سالمونيلا، ليستيريا …هتد وێستگەیەکى دیکەى ئاشنابوونى فێرخوازان بوون بەکارەکانى کارگەکە، ئەوەشیان بۆ ڕوونکرایەوە کە شیر بەهیچ شێوەیەک ڕەگەز و بابەتى دیکەى تێدا ناکرێ وەک خوێ، سوربات، فورمالين..هتد.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، باس لەو بەرهەمانە کرا، کە لەو کارگەیە بەرهەمدێ، ئەوەش ڕوونکرایەوە هەریەک لەو بەرهەمانە بەکۆمەڵێک قۆناغى گرنگ تێپەڕدەبن، لەهەریەک لە قۆناغەکانیش بەگرنگیەوە ڕەچاوى لایەنى تەندروستى و خاوێنى و بەرزى کواڵیتى بەرهەمەکان دەکرێ.
فێرخوازان لەبەسەرکردنەوەى بەشەکانى کارگەکەدا، چەندین پرسیاریان لەبارەى وردەکارى کارەکان ئاراستەى لێپرسراوان و کارمەندانى بەشەکان کرد، هەربۆیە سەردانەکە بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان، چونکە لە نزیکەوە ئاگادارى شێوازى کارکردنى کارەکان بوون.